ناس کورد-
دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگی دا بە لێپێچینەوەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی، ترەمپ داوای لە ئەنجومەنی پیران کرد بەپەلە دادگای بکەن.
.
دوای نزیکەى هەشت کاتژمێر کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەنێو ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماریی و دیموکراتدا، بە دەنگی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیار درا بە لێپێچینەوەى ترەمپ لەسەر دوو تۆمەت، یەکەمیان بریتییە لە قۆستنەوەی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆی، دووەمیش بریتییە لە تەگەرەخستنە بەردەم کارەکانی کۆنگرێس.
.
هەردوای بڕیارەکە، ترەمپ لە تویتەرەکەیەوە داوای لە ئەنجومەنی پیران کرد بەزووترین کات دادگایی بکرێت.
.
ترەمپ لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، "دیموکراتەکان بە هیچ شێوەیەک دەرفەتی دادگاییکردنێکی ڕاستەقینەیان بە من نەبەخشی، تۆمەتیان خستە پاڵم بەبێ ئەوەی پارێزەرێک یان تەنها شایەتحاڵێک لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بێت".
.
ترەمپ لە تویتەکەیدا ڕەخنە لە ڕێکارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەگرێت و دەڵێت، "ئەنجومەنی نوێنەران دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت بڕیارەکانى خۆی بەسەر ئەنجومەنی پیراندا بسەپێنێت".
.
لە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممە، 18ی کانونی یەکەمی 2019، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لێپێچینەوەی لەگەڵ ترەمپ خستە دەنگدانەوە، لە تۆمەتی یەکەمدا 230 ئەندامی کۆنگرێس بە بەڵێ دەنگیاندا و 197 ئەندامی دیکەش ڕەتیانکردەوە، لە تۆمەتی دووەمدا کە ئاستەنگ خستنە بەردەم ئەنجومەنی پیران بوو، 229 ئەندام بە بەڵێ دەنگیان دا و 198 ئەندامیش بە نەخێر.
.
بڕیارە لە مانگی داهاتوودا لێپرسینەوەکە لە ئەنجومەنی پیران بەڕێوەبچێت و ترەمپیش ئامادەی ئەنجومەنەکە بێت.
.
بەپێی دەستوری ئەمریکا ئەگەر لە ئەنجومەنی پیران لێپرسینەوەکە سەربگرێت و ترەمپ دوربخرێتەوە دەبێتە یەکەم سەرۆک کە بەو ڕێکارە دوربخرێتەوە و جێگرەکەی لە شوێنی دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.