ناس کورد-
کاردانەوەکان لەدژى سەرکوتکردنى خۆپیشاندانەکانى ئێران بەردەوامە و ئەمڕۆش پەرلەمانى ئەوروپا پڕۆژە بڕیارێکى دژى بەرپرسانى ئەو وڵاتە پەسەند کرد و داواشى لەحکومەتى ئێران کرد دەستبەجێ زیندانى کراوەکان ئازاد بکات و ژمارەى قوربانییەکانیش ئاشکرا بکات.
.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19ى کانونی یەکەمی 2019)، پەرلەمانى ئەوروپا لە دانیشتنى ئاسایى خۆیدا پڕۆژە بڕیارێکى بەناونیشیانى (بەکارهێنانى توندوتیژى بەرپرسانى ئێران لەدژى خۆپیشاندەرانى ئاشتیخواز) پەسەند کرد و تیایدا ئیدانەى سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانە کرا کە ئەو وڵاتە بۆ سەرکوتکردنى خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییە گرتویەتیە بەر.
.
لەپڕۆژە بڕیارەکەدا پەرلەمانى ئەوروپا داوای لە بەرپرسانى ئێرانکردووە، ژمارەى کوژراوانى نێو خۆپیشاندانەکان ئاشکرا بکەن و سەرجەم ئەو کەسانەشی بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراوون، بەزووترین کات ئازاد بکرێن.
.
هەر لە پڕۆژ بڕیارەکەى پەرلەمانى ئەوروپادا کە بەدەنگى زۆرینەى ئەندامانى پەسەندکرا، داوا کرا بەپەلە تاران لێکۆڵینەوەى خێرا و بێلایەنانە و شەفاف لەو ڕووداوانە دەستپێبکات و سەرجەم ئەو هێز و بەرپرسانەى بەتوندوتیژى و کوشتنى خەڵک تۆمەتبارن، بداتە دادگا.
.
هاوکات پەرلەمانى ئەوروپا داواشى لە ڕێکخراوى مافى مرۆڤى سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بێ دواکەوتن دەستبکات بە لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى ڕووداوەکانى خۆپیشاندانەکانى ئێران.
.
لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە، بەهۆى گرانکردنى نرخى بەنزینەوە بۆ سێ بەرامبەر لە نرخی پێشوتری، شەپۆلێکى خۆپیشاندان زۆربەى شارەکانى ئێرانى گرتەوە و بەهۆی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانیش بەرامبەر خۆپیشاندەران بە سەدان کەس کوژران، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانى ئێران ژمارەى کوژراوەکانیان بەفەرمى ڕانەگەیاندووە و تەنها ئاماژەیان بەژمارەیەک سەربازى کوژراوى ئێران لەو ڕوداوانەدا کردووە.
.