گه‌ڕان

Shadow Shadow

پارێزگاری سلێمانی: پڕۆژەی شەقامی 100مەتری سلێمانیمان خستووەتە سەر ڕێگا ڕاستەکە

2019.12.19 - 20:23
پارێزگاری سلێمانی: پڕۆژەی شەقامی 100مەتری سلێمانیمان خستووەتە سەر ڕێگا ڕاستەکە
ناس کورد- ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دەستپێنەکردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانییەوە نوسراوێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە کردووە و پارێزگاری سلێمانیش ئاماژە بەوە دەکات، کاری ئەو پڕۆژەیە لای ئەوان نەماوە و تەنها بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە. . هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند :"کارەکانی ئەو پڕۆژەیە لە پارێزگای سلێمانی کۆتایی هاتووە و ئەوەی ماوەتەوە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ خەرجکردنی پارەکە بۆی و دەستکردن بە کارەکانی پڕۆژەکە". . وتیشی، ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنیان داوە کە بەزوترین کات کارکردن لە پڕۆژەکەدا دەستپێبکات، بەڵام نازانن بۆ تائێستا دەستپێنەکراوە. . پارێزگاری سلێمانی جەختیشیکردەوە: "ئێمە پڕۆژەکەمان خستووەتە سەر ڕێگا ڕاستەکە و  لەڕووی ئیداری و تەکنیکی و داراییەوە کارەکانیمان تەواو کردووە، ماوەتەوە تەنها بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران". . لێدوانەکەى پارێزگارى سلێمانى لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19ی کانونی یەکەمی 2019)، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوسراوێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد و داوایانکرد، بەزووترین کات دەستبەجێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بکرێت. . ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وێڕایی پیرۆزباییان لە کردنەوەی شەقامی 120 مەتری لە شاری هەولێر، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردوە، ناکرێت لە هەرێمێکدا زۆرینەی پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکان لە هەولێر بێت و جیاوازی ئاشکرا بکرێت.   . لە ساڵی2014‌ وە بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی درا، بەڵام تا ئێستە پڕۆژەكە جێبەجێ نەكراوە و لەئێستادا بۆ بەشی یەکەمی پڕۆژەکە 90 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، بەڵام تائێستا خەرجنەکراوە.