ناس کورد-
دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا بەدواداچوون بۆ موچە نەدراوەکانی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە سەردانی دادگای فیدڕاڵیان کرد.
.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 19ی کانونی یەکەمی 2019)، هەریەک لە غالب محەمەد و کاوە محەمەد، ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی بەداواداچوون بۆ ئەو داوا یاساییەی سەبارەت بە موچەی نەدراوی فەرمانبەرانی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکرابوو، سەردانی دادگای فیدڕاڵی عێراقیان کرد.
.
لەو بارەیەوە غالب محەمەد، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی :"مەدحەد مەحمود، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی پێی ڕاگەیاندین کە، ئەو داوا یاساییەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هێشتا رێکارەکانی تەواونەبوون، بۆیە وادەی دادبینی دیاری نەکراوە".
.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە سکاڵای وەزیری نەوتی عیراق کە تایبەتە بەفڕۆشتنی سەربەخۆی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، چاوەڕێی وەڵامی فەرمی و واژووکراوی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن، بەڵام تا ئێستا ئەو وەڵامەیان بەدەستنەگەیشتووە.
.
هاوکات سەبارەت بەوەی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی کاریگەری لەسەر کەیسەکە دەبێت، بە وتەی غالب محەمەد، سەرۆکی دادگای فیدراڵی ڕوونیکردووەتەوە، کەیسەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و دەبێت سەرۆک وەزیرانی داهاتوو ڕوونکردنەوەی فەرمی لەو بارەیەوە پێشکەش بە دادگای فیدراڵی بکات.
.
هاوکات ئەو دوو پەرلەمانتارە کوردەی بەغدا جەختیانکردەوە، لەبەدواداچوون و پشتیوانی ئەو داوا یاساییە بەردەوام دەبن، تا ئەنجامی دەبێت و بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابن.
.