کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- گەنجێک لەناو بیناى شارەوانی رانیە ئاگرى لەجەستەى بەردا، دواى ئەوەى داواکارییەکى لەلایەن بەرپرسانى شارەوانییەوە ڕەتکرایەوە. . پەیامنێرى ناس کورد لە ڕانیە ڕایگەیاند، ئەو گەنجە ئەمڕۆ چووەتە شارەوانى و داواکارییەکى هەبووە بۆ دروستکردنى خانوو، بەڵام بە پاساوى ئەوەى زەوییەکە زیادەڕۆ بووە داواکارییەکەى ڕەتکراوەتەوە. . وتیشى دواى ڕەتکردنەوەى داواکارییەکە گەنجەکە نەوتى بەخۆیدا کردووەو ئاگرى لە جەستەى خۆى بەرداوە. . پەیامنێرى ناس کورد کە چووەتە شوێنى خۆسوتاندنى گەنجەکە لە شارەوانى ڕانیە، باسى لەوەشکرد، هێشتا شوێنەوارى ڕووداوەکە لەناو بیناکە ماوە. . دواى ئەوەى گەنجەکە ئاگرى لەخۆى بەرداوە، ئەو کەسانەى لەشوێنەکە بوون فریاى کەوتوون ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە، لە ئێستاشدا گەنجەکە رەوانەى نەخۆشخانە کراوە بۆ وەرگرتنى چارەسەر. . سەید محەمەد عەبدوڵا، بەرپرسی کارگێری نە خۆشخانەی گشتی رانیە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، کەسێک بەناوى (د.س) بەسوتاوی گەیەندرایە هۆبەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی رانیە، کە رێژەی سوتاوییەکەی پلە دووە و لەسەدا پەنجا بەسەرەوەیە. . وتیشى دوای چارەسەری سەرەتایی دەگوازرێتەوە بۆ سلێمانی.