گه‌ڕان

Shadow Shadow

دەبێتە سێیەم سەرۆک کە دادگایی دەکرێت

هەوڵەکان بۆ لەکارخستنى ترەمپ هەنگاوێکى مێژویی بڕى

2019.12.19 - 09:52
App store icon Play store icon Play store icon
هەوڵەکان بۆ لەکارخستنى ترەمپ  هەنگاوێکى مێژویی  بڕى

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا بڕیاریدا دۆناڵد ترەمپ رەوانەى دادگاییکردن بکاتەوە لە ئەنجومەنى پیران، بەتۆمەتى بەکارهێنانى خراپى دەسەڵات و ڕێگریکردن لەکارەکاى کۆنگریس، بەوەش دەبێتە سێیەم سەرۆک کە ڕوبەڕووى ڕێوشوێنى فەرمى بۆ لەکارخستنى دەبێتەوە. . ترەمپ تەمەن (73 ساڵ) بەخێرایی دەنگدانەکەى لەدژى ڕەتکردەوە لە ئەنجومەنى نوێنەران و ڕکەبەرە دیموکراتەکانى تۆمەتبارکرد بە "ڕک و کینە" و هەوڵدان بۆ پوچەڵکردنەوەى دەنگى دەیان هەزار هاوڵاتى ئەمریکى کە لەساڵى 2016 هەڵیانبژارد. . بەزۆرینەى دەنگى 230 دەنگ بەرانبەر 197 دەنگ، ئەنجومەنى نوێنەران کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، دەنگیدا لەسەر تۆمەتبارکردنى ترەمپ بە بەکارهێنانى خراپى دەسەڵات و و رەوانەکردنى بۆ ئەنجومەنى پیران بەمەبەستى دادگاییکردنى. دواى چەند خولەکێک، ئەنجومەنەکە بە زۆرینەى دەنگى 229 بەرانبەر 198 دەنگ تۆمەتى دووەمى پەسەندکرد کە تایبەتە بە ڕێگریکردن لە کارەکانى کۆنگرێس. . بە پەسەندکردنى ئەو بڕیارە، دۆسیەکە ڕەوانەى ئەنجومەنى پیران کرا تا پڕۆسەى دادگاییکردنى دەستپێبکات کە پێدەچێت لە کانونى دووەمدا بێت. . بەڵام بە پێچەوانەى ئەنجومەنى نوێنەرانەوە، ئەنجومەنى پیران لەلایەن کۆمارییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە  و خاوەنى 53 سیناتۆرن بەرانبەر 47 سیناتۆر بۆ دیموکراتەکان. . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەنگدانەکەى ئەنجومەنى نوێنەران بە مێژویی ناودەبرێت، بەو پێیەى لەمێژووى دروستبوونى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا تەنها دوو سەرۆک ڕوبەڕووى دادگاییکردن کراونەتەوە لە ئەنجومەنى پیران، کە پێکهاتوون لە ئەندرۆ جۆنسۆن لەساڵى 1868، بیل کلینتۆن 1998، کە هەردوکیان بێبەریکران لە تۆمەتەکان. . بەڵام ریچارد نیکسۆن لەساڵى 1974 دەستى لەکارکێشایەوە، پێش دەنگدانى ئەنجومەنى نوێنەران بۆ ڕەوانەکردنى دۆسیەکەى بۆ داگا، لەسەر ئابڕوچوونى وۆتەرگەیت. لەکاتێکدا ئەنجومەنى نوێنەران سەرقاڵى دەنگدان بوو لەسەر تۆمەتبارکردنى، ترەمپ ملیاردێرى کۆمارییەکان لەدوورى هەزار کیلۆمەترەوە لە واشنتن، لەبەردەم لایەنگرانیدا لە شارى باتل کریک لە ویلایەتى میشیگان وتارى دەدا. . ترەمپ بەخێرایی بڕیارەکەى ئەنجومەنى نوێنەرانى ڕەتکردەوە و وتى "لەکاتێکدا ئێمە هەلى کار دەڕەخسێنین و لەپێناو میشیگان دەجەنگین، رادیکاڵەکانى کۆنگرێس رق و کینەیان بەسەرماندا دەڕێژن". . وتیشى "دیموکراتەکان هەوڵدەدەن دەنگى دەیان ملیۆن ئەمریکى پوچەڵبکەنەوە". . بڕیارەکەى کۆنگرێس، پێش کەمتر لە ساڵێکە لەوادەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا کە بڕیارە لە تشرینى دووەمى ساڵى داهاتوو بەڕێوەبچێت.