کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و هاتنەدەرەوەى فراکسیۆنە کوردییەکان و دەوڵەتی یاسا، پەرلەمانی عێراق دانیشتەکەى بۆ دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان دواخست بۆ دووشەممەى داهاتوو. . لەدوای تەواوبوونى بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکە کە تێیدا دەنگ درا لەسەر 14 مادەى پڕۆژەیاسای هەڵبژاردن، بەهۆی ناڕەزایەتی و بایکۆتی کورد و دەوڵەتی یاسا لە مادەکانی 15 و 16، نیسابی یاسایی دانیشتنەکە بە تەواوی هەڵگیرا و خراپە ڕۆژی دووشەممەوە. . حەسەن ئاڵی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان و دەوڵەتی یاسا واژوومان کۆکردەوە، بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر مادەی 15 و 16 نەدرێت و دوابخرێت". . وتیشی، مادەی 15 و 16ی یاساکە لە زیانی کوردە و بەگشتی کورد تێبینی لەسەری هەیە، چونکە بەگوێرەی ئەو دوو مادەیە، بازنەی هەڵبژاردن لە قەزاکانەوە دەبێت، بەڵام کورد داوا دەکات بازنەی هەڵبژاردن فراوانتر بێت و لە پارێزگاکان بێت، چونکە ئەگەر بەوشێوەیە نەبێت دەنگێکی زۆری کورد لە هەڵبژاردنەکاندا لەناودەچێت. . تەلەفزیۆنی فەرمی عێراقی ڕاستەوخۆ دانیشتنەکەى دەگواستەوە، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و کشانەوەى پەرلەمانتاران، پەخشی دانیشتنەکەى وەستاند.