ناس کورد-
هاوسەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە حکومەتی هەرێم کردووە گەمارۆکانی سەر کەمپی مەخمور لاببەن و دەڵێت، لەسەر ڕوداوێک کە هیچ پەیوەندی بە هاوڵاتیانی کەمپەکەوە نییە حکومەت گەمارۆی خستووەتەسەر.
.
لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوسەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بڵاویکردووەتەوە: "بە هۆی ڕووداوێکەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە هاوڵاتیانی کەمپی مەخمورەوە نییە، حکومەتی هەرێم کەمپەکەی گەمارۆداوە، بۆیە داوا دەکەین گەمارۆکانی سەر کەمپەکە لاببەن و گەلەکەمان دڵخۆش بکەن".
.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا لە مەخمور نەخۆش و خوێندکار و کرێکاران ناتوان لە کەمپەکە بچنە دەرەوە و لەم دواییەشدا بەردەوام فڕۆکەی کەشف بەسەر ئاسمانی مەخموردا دەسووڕێنەوە و دانیشتوانی کەمپەکە لە دڵەڕاوکێدان کە هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدرێت.
.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کەجەکە باسی لەوەشکردووە: "پێویستە حکومەتی هەرێم یارمەتی کەمپەکە بدات، چونکە گەلی مەخمور پارچەیەکی خۆسەریی کوردە و کاتێک داعش هێرشی کردە سەر هەولێر، بەر لە هەموو کەسێک گەلی مەخمور بەرگری کرد".
.
کەمپی مەخمور تایبەتە بە ئاوارەکانی باکوری کوردستان و لەئێستادا زیاتر لە 12 هەزار کەس تیایدا نیشتەجێن، دوای ئەوەی ڕۆژی 17ی تەموزی 2019، بەرپرسێکی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر کوژرا، ڕێگەی مەخمور-هەولێر داخرا، بۆیە زۆرێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ لەسەر ئەوە کۆکن کە "گەمارۆ خستنە سەر کەمپەکە پەیوەندی بەو ڕوداوەوە هەیە".
.
نزیکەی 25 ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی سوتاندنی گوندەکانی سنوری بۆتانی باکوری کوردستان، زیاتر لە 15 هەزار هاوڵاتی ئەو گوندانە ڕویان لە سنوری مەخمور کرد و وەک پەنابەر لە کەمپی مەخموردا نیشتەجێ بوون.