ناس کورد-
ئیدارەى شاری تۆپیکا ئەمریکی بڕی 15 هەزار دۆلار دەداتە هەر کەسێک کە بیەوێت لە شارەکە نیشتەجێ بێت.
.
ماوەی هەفتەیەکە شاری "تۆپیکا" کە دەکاتە پایتەختی ولایەتی کنساسی ئەمریکی، کەمپینێکی ڕاگەیاندووە بەناوی" تۆپیکا هەڵبژێرە"، ئامانجی کەمپینەکەش هاندانی خەڵکە بۆئەوەی لەو شارە و هەرێمی شاونی لە ولایەتی کنساس نیشتەجێ بن.
.
بە گوێرەی پێگەی "فۆکس نیوز"ـی ئەمریکی، دەسەڵاتدارانی ولایەتەکە دەیانەوێت خەڵک هان بدەن بۆ ئەوەی بڕۆن لەو شارە بژین، ئاماژە بەوەشکراوە، دەسەڵاتدارانی شارەکە زۆر مەبەستیانە خاوەن کارەکان، خاوەن کۆمپانیاکان، ڕێکخراوەکان و کرێکاران لەو شارە نیشتەجێ بن بۆ ئەو مەبەستەش و وەک هاندانێک، بڕێک پارەیان تەرخانکردووە.
.
بەگوێرەی هەواڵەکەی فۆکس نیوز، هەرکەسێک خانویەک لەو شارە بەکرێ بگرێت بڕی 10 هەزار دۆلاری پێدەدرێت و هەرکەسێکیش خانویەک بکڕێت بڕی 15 هەزار دۆلاری پێدەدرێت.
.
فۆکس نیوز لە هەواڵەکەیدا ئاماژەی بە داتاکانی نوسینگەی ئاماری ئەمریکی کردووە بۆ ساڵی 2018 کە تێدا دەرکەوتووە ئاستی ناوەندی نرخی کرێ لەو شارە 751 دۆلار بووە و ئاستی ناوەندی نرخی کڕینی خانووش 100 هەزار دۆلار بووە.
.
لەئێستادا شاری تۆپیکا ژمارەی دانیشتوانی 126 هەزار کەسە و بەراورد بە ساڵی 2010، ڕێژەی دانیشتوان لەو شارە کەمبووەتەوە.