گه‌ڕان

Shadow Shadow

لە کۆنگرەدا یەکێتی سکرتێر و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی هەڵنابژێردرێت

2019.12.18 - 16:40
لە کۆنگرەدا یەکێتی  سکرتێر و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی  هەڵنابژێردرێت
ناس کورد- چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ دەستپێکردنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ناس کورد زانیویەتی لە کۆنگرەدا سکرتێر و جێگرەکانی هەڵنابژێردرێن، بەڵکو ئەنجومەنێکی 121 کەسی هەڵدەبژێردرێت و دواتر ئەو ئەنجومەنە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و کەسی یەکەمی یەکێتی هەڵدەبژێرێت. . بڕیارە ڕۆژی شەممە، 21ی کانونی یەکەمی 2019، بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتیمانی دەستپێبکات و وەک باسدەکرێت، کۆمەڵێک گۆرانکاری لە پەیکەربەندی یەکێتیدا دەکرێت و سەرکردایەتییەکی یەکێتیش وردەکاری چۆنێتی بەستنی کۆنگرە ئاشکرادەکات. . فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە کۆنگرەی یەکێتیدا سکرتێر یاخود سەرۆکی یەکێتی و جێگرەکانی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی هەڵنابژێردرێن، بەڵکو لە دواتردا ئەوانە هەڵدەبژێردرێت". . وتیشی، لە قۆناغی یەکەمدا، ئەوەی بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە هەڵدەبژێردرێن، ئەنجومەنێکی 121 کەسییە بەناوی ئەنجومەنی گشتی، کە وەک پەرلەمان وایە، هەروەها ئەنجومەنێکی بچوکتر بەناوی ئەنجومەنی سیاسی باڵا کە 12 بۆ 15 کەس لە خۆدەگرێت. . ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە پاش ئەوە لەو ئەنجومەنە 121 کەسییەوە و بەدەنگی ئەوان، ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی یەکێتی و جێگرەکانی هەڵدەبژێردرێن. .. بە وتەی فەرید ئەسەسەرد، ئەو سیستمەی پەیڕەوی دەکەن بۆ کۆنگرە، سیستمی وڵاتە دیموکراسییەکانە و ئەو ئەنجومەنە وەک پەرلەمان وایە و نوێنەرایەتی ئەندامان و کادرانی یەکێتی دەکات. . یەکێتى نیشتیمانی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1975 سێ کۆنگرەی بەستووە و کۆتا کۆنگرەش لە 1ی حوزەیرانی 2010دا بوو، لە کۆنگرەکەدا بڕیارد را مانگی 10ی 2013 کۆنگرەی چوارەم ببەستن، بەڵام یەکێتی نەیتوانی لەو وادەیەدا کۆنگرە ببەستێت و دواتر بە پلنیۆمێک وادەی کۆنگرەی بۆ شەش مانگ دواخست، بەڵام پاش ئەو شەش مانگە و هەتا ئێستاش نەتوانراوە کۆنگرە ئەنجام بدات.