کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی تەمەدون بە فەرمی داوای لە سەرۆککۆماری عێراق کرد بەربژێری بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق. . فائیق شێخ عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە نوسراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی کانونی یەکەمی 2019، بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، "بۆ لەبەرچاوگرتنی دۆخی سەختی ئێستای وڵات و بەردەوامی خۆپیشاندانی ڕۆڵەکانى عێراقی کە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە بۆ داواکردنی مافی ڕەواکانیان بەردەوامە و هەزاران شەهید و برینداریان داوە، هاوکات بۆ دۆزینەوەى ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ ئەم چەقبەستووەی ئێستا، من بەربژێربوونی خۆم دەخەمە بەردەستی بەڕێزتان (سەرۆککۆمار) و داوا دەکەم ڕامبسپێرن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی پیشەیی و دور لە حزبایەتی." . هەوڵە چڕوپڕەکان بۆ دیاریکردنى بەربژێری سەرۆکوەزیران بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەنجام، تائێستا ماڵى شیعە نەیانتوانیوە خۆیان بۆ یەکلاکردنەوەى بەربژێرێک یەکبخەن. . بەڵام بەپێی چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار بۆ ناس کورد، شەوی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەنێوان سەرکردەکانى هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا بەڕێوەچووە بۆئەوەى ناوی قوسەى سوهەیل، وەزیری ئێستای پەروەردە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر بکەن و بیدەنە سەرۆکایەتی کۆمار.