کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- لەگەڵ هەوڵى لایەنەکان بۆ دیاریکردنى کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانى نوێی عێراق، خۆپیشاندەرانى دیوانیە ڕایدەگەیەنن کە کاندیدى لایەنەکان ڕەتدەکەنەوە و تەنها بەهەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و هەڵبژاردنى پێشوەختە ڕازین. . ئەیاد جەنابى چالاکوانى خۆپیشاندانەکانى دیوانیە بەناس-ى ڕاگەیاند "خۆپیشاندەرانى شارى دیوانە بەردەوامن لەمانگرتن و خۆپیشاندان و کۆڵنادەن و بەفێڵ و تەڵەکەى سیاسیەکان باوەڕ ناکەن گەرچى هەڕەشە و فشارێکى زۆریان لەسەرە، ئەوەش لەرێگەى سەرکوتکردن و ئەنجامدانى مامەڵەیەکى توندوتیژانە لەدژیان". . جەختى لەوەشکردەوە کە لەسەر پەرلەمان پێویستە دەنگ بۆ یاساى هەڵبژاردن بدات کە دەرفەت بە هەڵبژاردن بەپێی سیستەمى تاکەکەسى بدات. . ئەو چالاکوانە خواست و داوکارى سەرەکى خۆپیشاندەرانى ئیستاى شارەکەشى خستە ڕوو کە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەیە، هۆشدارى ئەوەشیدایە بەرپرسان کە خەڵکى ناڕازیى دەتوانن سەرۆک وەزیران هەڵبژێرن نەک سیاسییەکان. . بەهۆى فشارەکانى خۆپیشاندەرانى عێراقەوە تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە کاندیدێک بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانى نوێ یەکلابکەنەوە و سەرجەم ئەو کەسانەى دەنگۆى کاندیدکردیان بڵاوبووەتەوە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەتکراونەتەوە. . قوسەى عمرى خۆپیشاندەرێکى دیکەى دیوانیە باسی لەوەکرد، پێویستە حکومەتى نوێ لەماوەى شەش مانگدا ئاستى خزمەتگوزارییەکان بەرزبکاتەوە و بایەخ بە ئاستى خوێندن و تەندروستى بدات، بۆ ئەوەى ڕاستگۆیی خۆى لەو بارەیەوە بسەلمێنێت.