گه‌ڕان

Shadow Shadow

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی دروست کردووە

پەرلەمانتارێکی تورکمانى لە ناس کوردەوە ڕونکردنەوە لەسەر لەملنەکردنی ئاڵای کوردستان دەدات

2019.12.17 - 18:46
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکی تورکمانى لە ناس کوردەوە ڕونکردنەوە لەسەر لەملنەکردنی ئاڵای کوردستان دەدات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان بەهۆی لەملنەکردنی ئاڵای کوردستانەوە لە ڕۆژی ئاڵادا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیەکی زۆر لێگیراوە، لەڕێى ناس کوردەوە هۆکارەکەى دەخاتەڕو. , بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی کانونی یەکەمی 2019، کە ڕۆژی ئاڵای کوردستان بو، پەرلەمانتارانی کوردستان و سەرجەم کارمەندانی پەرلەمان لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەماندا ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد، هاوکات کارمەندان و پەرلەمانتارانیش ئەو ئاڵایەیان لەملکرد و ئەو ڕۆژەیان پیرۆز کرد. , ئەوەى جێى سەرنجى خەڵک بو، ئەوەبو لەو وێنانەی کە بڵاوکراوەیەوە یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی کوردستان بەناوی هیمداد سەباح، کە سەرۆکی بەرەی تورکمانییە لە مەراسیمی ڕۆژی ئاڵادا، ئاڵای کوردستانی لەملدا نییە، بەڵام سەرجەم فەرمانبەران و ئەندامانی دیکەی پەرلەمان ئەو ئاڵایەیان لەملدایە، جگە لەو پەرلەمانتارە تورکومانە. , ئەوەش کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە، بە سوکایەتیکردن بۆ ئاڵای کورستان و پەرلەمان ناوزەند کراوە. , ناس کورد پەیوەندی بە هیمداد سەباح، سەرۆکی بەرەی تورکمانییەوە کرد و لەسەر ئەو هەڵوێسەتەى ڕایگەیاند: "ئەوەی ڕویداوە هیچ مەبەستێکی لە پشتەوە نەبوە و بە ئەنقەست ئەو کارەم نەکردووە، من ڕێز لە ئاڵای کوردستان دەگرم و بە ئاڵای خۆشمی دەزانم". , هیمداد سەباح ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمڕۆ من لەو مەراسیمە دواکەوتم بەهۆی هەندێک کاروبارمەوە و درەنگ گەیشتمە مەراسیمەکە، نەمتوانی بگەمە ئەو شوێنەی کە بۆم دیاریکرابو، کە گەشتیشم ئاڵا لەسەر کورسییەکم نەبو تا لەملی بکەم، مەراسیمەکەش دەستیپێکرد و کات نەمابو کە داوای ئاڵایەک بکەم بۆ ئەوەی لە ملمی بکەم". , سەرۆکی بەرەی تورکمانى وتیشی: "ئێمە لە بارەگای بەرەی تورکمانی ئاڵای کوردستانمان هەیە و ڕێزی لێدەگرین و ئەوەی کە ڕویداوە هیچ مەبەستیکی لە پشتەوە نەبوە، ئەگەر من بمویستایە ئاڵای کوردستان لەمل نەکەم ئەوە هەر نەدەچومە مەراسیمەکە". , ,