گه‌ڕان

Shadow Shadow

مەزڵوم کۆبانی: پڕۆژەی سیاسیی ئێمە بەراورد بە هەرێمى کوردستان زۆر جیاوازە

2019.12.17 - 16:09
App store icon Play store icon Play store icon
مەزڵوم کۆبانی: پڕۆژەی سیاسیی ئێمە بەراورد بە هەرێمى کوردستان زۆر جیاوازە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، پڕۆژەی ئەوان لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆر جیاوازە لە هەرێمی کوردستان چونکە ئەوان نیازی جیابوونەوەیان نییە. . مەزڵوم کۆبانێ لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ئاماژەى بەوەکردووە کە "ئێمە بە هیچ شێوەیەک پڕۆژەی جیابوونەوەمان لە چوارچێوەی خاکی سوریادا نییە، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان وەک  باشوری کوردستان زۆرینەی پێکهاتەکەی لە نەتەوەی کورد نییە و لە چەند نەتەوەیەک پێکهاتووە بە تایبەتی لە ناوچەکانی دێرزور و ڕەقە." . لەبارەى بوونی هێزەکانى ئەمریکا، مەزڵوم کۆبانێ دەڵێت، "لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا لە هەردوو پارێزگای حەسەکە و دێرەزور بوونیان هەیە و بنکەی سەربازیشیان لە دێرک و قامیشلۆ هەیە." . دەشڵێت، "بە فەرمانی ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات جێگیربوون بۆ پاراستنی بیرە نەوتەکانی ناوچەکە." . جەختیشى کردەوە کە "ئەمریکا بەڵێنی داوە هەسەدە لە هەر دەستدرێژییەک بپارێزێت لەهەر لایەنێکەوە بێت". . سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەسەدە بە تایبەت لەدوای لەشکرکێشیەکەی تورکیا، مەزڵوم کۆبانێ وتی، "ئامانجی پەیوەندییەکانی ئێمە و ئەمریکا  هەر وەک خۆیەتی و نەگۆڕاوە کە بریتیە لە دوو شتی سەرەکی، بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی سامانە نەوتییەکان". . لە وەڵامى ئەو پرسیارەى کە جیاواز لەو دوو ئەرکە، ئەمریکا هەسەدەش دەپارێزێت یان نا، کۆبانی وتی، "ئەمریکا بەڵێنی تەواوی داوە بە پاراستنی هێزەکانمان". . دەرباری ڕێککەوتنەکەی تورکیا و ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان، فەرماندەى گشتى هەسەدە ڕوونیکردەوە کە "ئێمە ڕازی نەبوین لەسەر هەموو بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و بەهیچ شێوەیەکیش ڕێگە نادەین تورکیا شەرعیەت بە داگیرکارییەکانی خۆی بدات لە ناوچەکە". . ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئێستادا دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەنێوان تورکیا و هەسەدەدا هەیە بە سەرپەرستی ئەمریکا دەرباری جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی "ئەنقەرە" کە تایبەتە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان و گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە ناوچەکانی "گرێ سپی و سەرێ کانی". .   سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریاش، فەرماندەى گشتیی هەسەدە ئاماژەى بەوە کرد کە "لە ئێستادا هێزەکانی حکومەتی سوریا لەسەر سنوری نێوان تورکیا و سوریا بڵاوەیان پێکراوە، داواشمان لە ڕژێم کردووە تایبەتمەندی هێزەکانی سوریاى دیموکرات بپارێزێت کە ژمارەیان زیاتر لە 110 هەزار چەکدارە ئەوەش لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی سوریادا". . وتیشی، "هەوڵیشمانداوە هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هێزێکی نیشتیمانی سوری لە دەستوری نوێی سوریا بچەسپێنین". . دەربارەی چارەنووسی ئیداری خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستانیش، فەرماندەى گشتیی هەسەدە ڕوونیکردەوە کە "دانوستانەکان لەگەڵ ڕژێمی سوریا بەردەوامە، ئەو وتوێژاناش کاتێکی زۆری دەوێت". . بە بڕواى کۆبانێ پڕۆژەکەى ئەوان لە ڕۆژئاواى کوردستان زۆر جیاوازە لە باشوری کوردستان و ئاماژەى بەوە کرد "ئەوان بە هیچ شێوەیەک پڕۆژەی جیابوونەوەیان لە چوارچێوەی خاکی سوریادا نییە، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان وەک باشوری کوردستان زۆرینەی پێکهاتەکەی لە نەتەوەی کورد نین و لە چەند نەتەوەیەک پێکهاتووە بە تایبەتی لە ناوچەکانی دێرەزور و ڕەقە. . ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی پڕۆژەی ئەوان بۆ ئیدارەدانی ناوچەکە تەنها ئەوەیە خەڵکی ناوچەکە لە چوارچێوەی حکومەتی سوریا خۆیان بەڕێوەبەرن بە شێوەیەکی لامەرکەزی.