گه‌ڕان

Shadow Shadow

چوار لایەن هاوکێشەی سیاسی عێراق هەڵدەسوڕێنن

ئایا ئێران دەستبەرداری بەشداری و مافی خۆی بووە لە دانانی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا؟

2019.12.17 - 14:33
App store icon Play store icon Play store icon
ئایا ئێران دەستبەرداری  بەشداری و مافی  خۆی بووە لە دانانی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- ماڵپەڕی ئیندیپێندنتی عەرەبی دەڵێت، خۆپیشاندانەکانی عێراق هەموو هاوکێشە سیاسییەکانی گۆڕیوە و ئەوەش وایکردووە دانانی سەرۆکوەزیرانێک بۆ عێراق وەکو جاران لەلایەن ئێرانەوە بەڕاشکاوی پێشنیاز نەکرێت. . ئەمڕۆ سێشەممە، 17ى کانوونی یەکەمی 2019، ماڵپەڕی ئیندپێندنتى عەرەبی کە بنکەکەى لە لەندەنە لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکرد "دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی 2003دا، ئەمریکا بە دەستێوەردانی خۆی پۆستە باڵاکانی حکومەتی عێراقی پڕ دەکردەوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2005ەوە ئێران توانی کۆنتڕۆڵی جومگەکانی فەرمانڕەوایی ئەو  وڵاتە بکات". . ڕاپۆرتەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، "هاوبەشی ئەمریکا و ئێران لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ساڵى 2014دا بەڕوونی دەرکەوت کاتێک هەردوولا کۆک بوون لە سەر دانانی عەبادی لەو پۆستەدا". . بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئیندپێندنت، میکانزمی  هاوبەشی لە دانانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پاش ساڵی 2014 گۆڕانکاری بەسەردا هات و دواى ئەو کاتە مەرجەعییەتی باڵای شیعەکان لە نەجەف بووە لایەنی سێهەم لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ دەبێت لە سەرووی هەرەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراقدا ڕۆڵ ببینێت. . ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کاتێک عادل عەبدولمەهدی بوو بە سەرۆکوەزیران، هاوکێشەی هاوبەشی سێ لایەنەى "ئەمریکا و ئێران و مەرجەعییەتی نەجەف" لە دانانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەواوەتی کۆتایهات و لە بەرژەوەندی ئێران شکایەوە. . ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بە هاتنی عەبدولمەهدی ئێران توانی کۆنتڕۆڵی دۆخی سیاسی عێراق بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە و دوو لایەنەکەی دیکە (ئەمریکا و مەرجەعییەتی نەجەف) لە هاوکێشەکە بکاتە دەرەوە. . هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی عێراق "دەستەبژێری سیاسی عێراق توشی شۆک بوون کاتێک بینییان داواکاریی خۆپیشاندەران لە فەراهەمکردنی خزمەتگوزاری و بنبڕکردنی گەندەڵی گۆڕا بۆ دوورخستنەوەی ئێران و دەرکردنی لە هاوکێشەی سیاسی عێراقدا، ئەوەش بەڕوونی دەرکەوت کاتێک خۆپیشاندەران چاونەترسانە دروشمی دژ بە ئێرانیان دەوتەوە و وێنەی عەلی خامنەیی و قاسم سولەیمانیان لە گۆڕەپانەکاندا سوتاند و کونسوڵخانەکانی ئێرانیان گڕ تێبەردا". . ڕاپۆرتەکە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، ڕق و کینەی عێراقییەکان دژ بە سیاسەتەکانی ئێران بە تەواوەتی بڕیاری لایەنگرانی ئێرانی لە عێراق پەکخست، ئەوەش وایکرد "نەوێرن بەهیچ شێوەیەک کەس بەربژێر بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، چونکە هەموو کەسایەتییەکی پێشنیازکراوە لەلایەن ئەوانەوە بەخێرایی لەسەر دیواری ڕەتکردنەوەی جەماوەر تێکدەشکێت، ئەوەش بەڕوونی دەرکەوت لەکاتی بەربژێرکردنی محەمەد شیاع سودانی، بەربژێری دەعوەچییەکانی عێراق." [caption id="attachment_165918" align="alignnone" width="823"] .[/caption] ماڵپەڕی ئیندپێندنت لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەی ڕوونکردووەتەوە، لەئێستادا سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان "بوێری ئەوەیان نییە کەسێک پێشنیاز بکەن بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی، چونکە لەئێستادا پشکی شێر لە یەکلاییکردنەوەی هاوکێشەکە لەلایەن شەقامە توڕەکەی عێراقەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت." . لە کۆتایدا ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەگەری هەیە ئێران بەشێوەیەکی کاتی دەستبەرداری میکانزمی دانانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت، چونکە پێیوایە ئەگەر وانەکات وادەی دەستوری بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستەکە کۆتایی دێت ئەوەش ئەگەری ئەوەی هەیە دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتر بکات و لە بەرژەوەندی ئێراندا نەبێت."