کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
هەرێمى کوردستان خۆى بۆ ڕۆژى ئاڵاى کوردستان ئامادە دەکات، کە ماوەى 10 ساڵە بە مەراسیمى جۆراوجۆر یادى ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە.
,
بەپێی بڕیارێکى پەرلەمانى کوردستان کە ساڵى 2009 دەرکراوە، 17ى کانونى یەکەمى هەموو ساڵێک بە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان دیاریکراوە، لەو ڕۆژەدا چالاکى و مەراسیمى جیاجیا بەڕێوەدەچن.
,
دیاریکردنى ئەو ڕۆژە بە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە شارى مەهاباد لەلایەن قازى محەمەدەوە لە ڕۆژى 17ى کانونى یەکەمى 1945.
,
ئاڵای کوردستان لەسەر ئاستی جیهاندا ئاڵای گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهانە و لە ئێستاشدا لە باشوری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان و سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە کوردی لێنیشتەجێن، بە ئاڵای فەرمی کوردان ناسێندراوە.
,
ئاڵای کوردستان، لە سێ تەختی لاکێشەیی ڕەنگ سەوز و سپی و سور پێکهاتوە، کە لەناوەڕاستەکەیدا خۆرێکی پرشنگداری 21 تیشکی تێدایه، کە ئاماژەیە بۆ 21ی سێهەمین مانگی ساڵی زاینی کە یەکەمین ڕۆژی ساڵی کوردییە.
,
,
مێژووی ئاڵای کوردستان
ئەم ئاڵایە کە ئێستا بە ئاڵای کوردستان ناسێندراوە، مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەپێی هەندێک سەرچاوە ئەم ئاڵایە له ئاڵای دەوڵەتی مادهکانهوه وهرگیراوه کە باوباپیرانی نەتەوەى کوردن و سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا حوکمداری ناوچەیەکی زۆریان کردووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بۆچونێکی دیکەش هەیە کە دەڵێت ئەو ئاڵایەی کە ئێستا پەیەدە بۆ ئاڵای ڕۆژئاوای کوردستان بەکاریدەهێنێت ئاڵای مادەکان بوە.
,
له 20ی گوڵانی ساڵی 1920، کۆمهڵهی تهشکیلاتی ئیجتیماعی کورد کە ئەو کات له کۆمهڵهی تهعالی کوردستان جیابوەوه به سهرۆکایهتیی ئهمین عالی بهدرخان، ئاڵایهکی چوار ڕەنگیان هەبوە کە هاوشێوەی هەمان ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی کوردستان بوە.
,
جهمال نهبهز، مێژوناسی کورد پشتگیری ئەو بۆچونەی کردووە و دەڵێت: "له سهروبهندی پهیمانی سیڤهردا ئەو ئاڵایەی کۆمەڵەی تەشکیلاتی کوردی لە ساڵی 1920ەوە لای شهریف پاشای خهندان بوه، هاوشێوەی ئەو ئاڵایەی ئێستا هەرێمی کوردستان بوە".
,
لەسەردەمی شێخ مەحمودیشدا، کە حکومداری سلێمانی کردووە ئاڵای کوردستان بەتەواوەتی جیاوازبوە، بەڵام نزیکترین ئاڵا لەو ئاڵایەی ئێستا کوردستانەوە ئاڵای کۆماری کوردستان بوە، کە له 17ی کانونی یهکهمی ساڵی 1945 به سهرۆکایهتیی قازی محهمهد له مهاباد هەڵکرا.
,
تاکە جیاوازی ئاڵاکەی کۆمار و ئەوەی ئێستا ئەوە بوە، کە لهناوهندەکەیدا دوو گوڵه گهنمی ڕەنگ سور هەبوون، له ناوهندی گوڵه گهنمهکانیشدا تیشکی خۆرێک و نوکه قهڵهمێک هەبوە.
,
له پاش ئەوانەش بەهۆی نەبوونی قەوارەیەکی فەرمی کوردییەوە، تاوەکو ڕاپەڕینی 1991 گەلی کورد بە فەرمی ئاڵای نەبوە، بەڵام زۆرینەی گروپ و لایەنە سیاسییەکان، ئەو ئاڵایەی ئێستا یاخود ئاڵای حیزبەکانیان بەکارهێناوە.
,
بەڵام به بڕیارێکی پەرلەمانی کورستان 11ى تشرینی دووەمی 1999 ئەم ئاڵایەی ئێستا، بە ئاڵای فەرمی هەرێمی کوردستان پەسەندکرا و بڕیاردرا بە هەڵکردنی لەسەر سەرجەم باڵەخانە حوکمییەکان.
,
دواتریش پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009، بە فەرمی 17ی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێکی کردە ڕۆژی تایبەت بە ئاڵای کوردستان.
,
لەو ڕۆژەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین چالاکی ئەنجام دەدات و لەسەرجەم فەرمانگە و دام و دەزگاکاندا ئاڵای کوردستان هەڵدەکرێت، زۆرینەی فەرمانبەران بە پۆشاکی کوردییەوە دەچنە سەر کارەکانیان، هەروەها خوێندکارانیش لەو ڕۆژەدا بە لەبەرکردنی پۆشاکی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە دەچنە خوێندگاکانیان و چالاکی جۆراوجۆر تایبەت بەو یادە ئەنجام دەدەن.
,
لە ئێستاشدا ئاڵای هەرێمی کوردستان لە سەرانسەری جیهاندا بە ئاڵای کوردەکان ناسێندراوە، وڵاتانیش لە ئاستی باڵادا ڕێزی لێدەگرن و لەسەردان و بۆنە فەرمییەکانیشدا لە وڵاتاندا ئاڵای هەرێمی کوردستان بەرز دەکرێتەوە.
,
,