گه‌ڕان

Shadow Shadow

کورد لە بەغداد بۆ سێ بەرە دابەش بوە

گروپى 15 کێن و چۆن دروستبوون؟

2019.12.16 - 20:35
گروپى 15 کێن و چۆن دروستبوون؟
ناس کورد- لایەنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ "سێ بەرە" دابەشبوون، هەریەکەیان بەجیا کار دەکەن، لەکاتێکدا هەوڵ هەبوو بۆ ئەوەى سەرجەم فراکسیۆنەکان هاوپەیمانێتییەکى کوردستانى پێکبهێنن. , لەم خولەى پەرلەمانى عێراقدا، کورد بە پەرتەوازەیی دەستى بە کارکردن کرد، بە پێچەوانەى بەشێک لە خولەکانى پێشوەوە کە هاوپەیمانى کوردستانییان لە پەرلەمان پێکهێنابو، بۆ یەکخستنى دەنگیان و کارکردنیان بۆ بەدەستهێنانى مافەکانى کورد. , بەپێی بەدواداچونى ناس کورد، لەئێستادا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانى پارتى و یەکێتى بەجیا لە پەرلەمانى عێراق وەک دوو بەرە کاردەکەن، بەرەى سێیەمیش بەم دواییانە لەلایەن 15 پەرلەمانتارى شەش لایەنى جیاوە پێکهێندراوە. , سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی فراکسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "15 پەرلەمانتاری لایەنە کوردییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بڕیارمانداوە بە دروستکردنی گروپێکی کۆکەرەوەی هاوبەشی گەورە لەنێوان ئەو پەرلەمانتارانە و ناومان ناوە (گروپی 15)، بە فەرمی گروپەکەشمان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و نێوخۆى پەرلەمان ناساندووە". , شەمسەدین ئەوەشى وت: "پێکهێنانی ئەم گروپە ڕێککەوتنی نێوان پەرلەمانتارەکانە نەوەک حیزبەکان، واتە لە سەرکردایەتیی حیزبەکانمانەوە بڕیارماننەداوە بۆ دروستکردنی ئەم گروپە، بەڵکو ڕێککەوتنێکی نێوخۆیی خۆمانە". , ئەو پەرلەمانتارانەی بەشدارن لەو گروپەدا، بریتین لە سەرجەم پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، هەرسێ پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی ئایندە و پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و دوو پەرلەمانتارەکەی پێشوتری هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری. , لەبارەى ئەوەى بوون بە یەک فراکسیۆن یاخود نا؟، سەرکەوت شەمسەدین وتى: "ئێستا وەکو فراکسیۆنێک مامەڵە دەکەین، بۆیە بەو شێوەیەشمان لێکردووە تاوەکو هەر پەرلەمانتارێک ڕۆڵی خۆی هەبێت". , باسى لەوەشکرد، لەئێستادا نوێنەریان دیاریکردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێتی و پارتی و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان، تەنانەت نوێنەریان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان دیاریکردووە بۆ ئەوەی بتوانن ئەجێندا و ستراتیژی هاوبەش و سەربەخۆیان هەبێت بۆ سەرجەم ئەو ڕوداوانەی لەناو پەرلەماندا ڕودەدەن. , دابەشبوونى فراکسیۆنە کوردستانییەکانى پەرلەمانى عێراق بۆ سێ بەرەى جیاجیا و کارکردنیان بە ئاڕاستەى جیاواز، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکى کوردستانى لە بەغداد، کە هەوڵێکى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بو و هێشتا هیچ ئەنجامێکى نییە. , لاى خۆشیەوە، سەلیم شوشکەیی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی بە ناس کوردی وت: "لە پەرلەمانی عێراق ئێستا کورد بۆ سێ بەرە دابەش بوون، بەرەی یەکێتی و بەرەی پارتی و بەرەکەی ئێمەش کە ناومان ناوە گروپی 15". , شوشکەیی ئەوەشى خستەڕو: "ئێمە جیاواز لە یەکێتی و پارتی لەپێناو خەڵکی کوردستاندا بە جیا کاردەکەین و هەوڵدەدەین لەو ڕێگەیەوە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێم بپارێزین". , ئەو پەرلەمانتارەى کۆمەڵى ئیسلامى ئەوەشى ئاشکراکرد، هۆکارى دروستکردنى گروپى 15 ئەوە بوە کە "یەکێتی و پارتی خۆیان بەجیا ئیشیان دەکرد، لە پەرلەمانی عێراق و بەغداد، هەروەها هیچ هەنگاوێکیشیان بۆ کاری پێکەوەیی نەنا". , جەختیشیکردەوە، دەیانەوێت وەکو گروپێکی فشار کاربکەن بۆ دەستەبەرکردنی هەموو مافە یاسایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان. , "ئێمە دژی گەندەڵین و لەگەڵ ئەوەداین کە سەرجەم گرێبەستەکانی نێوان هەرێم و بەغداد شەفاف بن، دانیشتن و کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکانی هەریم و بەغداد بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن، ئێمە بەرگری لە مافە دەستورییەکانی هەرێم وەکو مادەی 140 و یاسای نەوت و گاز و پێشمەرگە و سەرجەم مافەکانی دیکەی هەرێم دەکەین"، وەک سەلیم شوشکەیی ئاماژەی پێکرد. , لەبارەى هەوڵەکانى دروستکردنى هاوپەیمانى کوردستانى لە بەغداد، ئەو ئەندامەی گروپی 15 باسى لەوەشکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی کوردستانیدا کۆیان بکاتەوە "بەڵام تا ئێستا ئەوە دروست نەبوە و کارێکی ئاسان نییە، بەڵام دەرگامان کراوەیە بۆ پارتی و یەکێتی و هەر لایەنێکی دیکە ئەگەر بیانەوێت بەشداربن لەگەڵمان". , ,