کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد -
پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاساى چاکسازی لە خانەنشینى و مووچە و دەرماڵە کرد و سیفەتى بەپەلەى بە پڕۆژەکە دا تا بەزویی تێپەڕێندرێت، زۆربەى فراکسیۆنەکانیش جگە لە پارتى ڕەخنە لە پڕۆژەکە دەگرن.
,
لە دانیشتنى ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی کانونی یەکەمی 2019ى پەرلەمانى کوردستان، هەردوو پەرلەمانتار بەهمەن کاکە عەبدوڵا پەرلەمانتاری پارتی و جەلال محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان، پێشنیازیانکرد سیفەتی بەپەلە بدرێتە پڕۆژەیاسای چاکسازیی بۆ ئەوەی پێش هاتنی پشوی زستانەی پەرلەمان، پڕۆژەکە تێپەڕێندرێت و بە دەنگی 85 پەرلەمانتاریش پێشنیازەکەیان پەسەندکرا.
,
بەپێی پێشنیازەکە، دەبێت لیژنەى یاسایی لەماوەى هەفتەیەکدا سەرجەم تێبینییەکان لەسەر پڕۆژەکە ئامادە بکات، تا پەرلەمان خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەکە بکات و دواتر بخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنى.
,
زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "پڕۆژەکە زۆرباشە، بەڵام دەبێت کات بدرێتە پەرلەمان بۆئەوەی بەتەواوەتی تێبینییەکانی خۆی لەسەر پڕۆژەکە بخاتەڕوو".
,
ئەو پەرلەمانتارە وتیشى: "لیژنەکەمان ژمارەیەک تێبینی زۆری هەیە لەسەر ئەو پڕۆژەیە، دەبێت پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر و باشتر بکرێت، چونکە حکومەت خۆی پێنج مانگە خەریکی ئەم پڕۆژەیەیە، ناکرێت بە پەلەپەلکردن پڕۆژەکە بەکەموکورتییەوە تێبەپەڕێنین، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی خەڵک نابێت".
,
پرۆژەیاساى چاکسازی کە هەفتەى ڕابردوو حکومەت ڕەوانەى پەرلەمانى کورد، چەندین تەوەر لەخۆدەگرێت، لەوانە مووچە و ڕێکخستنەوەى بوارى خانەنشینى مووچەکانى ئەو توێژە.
,,
نەوەی نوێ کە گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانە، بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد، كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنەکە ڕایگەیاند: "چاکسازی دەبێت گشتگیر بێت و هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە، نەك ڕوکەش و سەتحی بێت".
,
سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ وتیشی: "چاکسازی ڕاستەقینە ئەوەیە کە داهاتی نەوت و گاز شەفاف بێت، هێزی پێشمەرگە سەربەخۆ و بە نیشتیمانی بکرێت، کۆمسیۆنێکی هەڵبژاردنی پاك و بێلایەن دروست بکرێت، داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان ئاشکرابکرێن، مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت و پاشەکەوتەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ مووچەخۆران، هەلی کار بۆ دەیان هەزار گەنج و دەرچووی زانکۆ دابینبکرێت، کەرتی پەروەردە و تەندروستی و کشتوکاڵ و پیشەسازی باشبکرێن، لەگەڵ بڕینی خانەنشینی پلە باڵاکان".
,
كازم فاروق ئەوەشى خستۆتەڕو: "ئەمانە چاکسازی راستەقینەن نەك شەرعاندنی خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتار و پلەباڵاکان و کەمکردنەوەی قوت و مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی".
,
هاوشێوەى فراکسیۆنى نەوەى نوێ، فراکسیۆنەکانى کۆمەڵ و یەکگرتوو، ڕەخنەیان لە پڕۆژەیاسای چاکسازی گرت و داوادەکەن "چاکسازی کەرتەکانى دیکەش بگرێتەوە".
عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پڕۆژەیاسای چاکسازی پرۆژەیەكی ناتەواوە، چونكە باسی سێكتەرە گرنگەکانی وەك نەوت و گومرگ و خاڵە سنورییەكان و مووچە کەمەکان نەكراوە".
,
سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ وتیشى: "بەناحەقی دەزانین لە پرۆژەیاسای چاکسازیدا باس لە كەمترین مووچەی خانەنشینی نەكراوە، داوا دەكەین كەمترین مووچەی خانەنشینى 400 هەزار دینار بێت، مووچەی پلەتایبەتەكانى وەک دادوەران و ئەنجومەنی دادوەری كەمبكرێنەوە و مووچەی پاشەكەوتکراوی فەرمانبەرانیش بگەڕێندرێتەوە".
,
لاى خۆشیەوە شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەرەوەى تەلارى پەرلەمانى کوردستان وتی: "ھەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی ھەیە لەلایەن ئەو کەسانەوەی کە بندیوار و مووچەخۆر و خانەنشینی نایاساییان هەیە و پێوستە ڕێگریان لێ بکرێت".
,
تا ئێستا جگە لە پارتی، سەرجەم فراکسیۆنەکان تێبینیان هەیە لەسەر ئەو پڕۆژەیە، لەناویاندا فراکسیۆنى یەکێتى کە حیزبەکەى بەشدارى حکومەتیشە و بەشداربوە لە ئامادەکردنى پڕۆژەکەدا.
,
لەوبارەیەوە زیکری زێباری، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند: "ژمارەیەک تێبینیمان لەسەر پرۆژەکە هەیە، بەتایبەت دیارینەکردنی بڕی کەمترین مووچە، بۆیە کار بۆ ئەوە دەکەین جێگەى تبێنییەکانمان بکەینەوە لە گفتوگۆکانی پڕۆژەیاساکەدا".
,
,