کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- گروپی پارێزەرانی خۆبەخش دەڵێت، لەسەر موچەی نەدراوی سێ مانگی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم، دادگای فیدڕاڵی نوسراوی بۆ هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم ناردووە، بەڵام تائێستا هەرێم بێدەنگە و وەڵامى دادگاکەى نەداوەتەوە لەکاتێکدا هەرزوو وەزارەتى دارایی عێراق بە دادگای وتووەکە کە "ئەوان پارەی تەوایان ناردووە". . لە ڕاگەیەندراوەکەى گروپی پارێزەرانی خۆبەخشدا هاتووە، "دوای ئەوەی ڕۆژی 31ی تەموزی 2019، بە وەکالەتی ژمارەیەک فەرمانبەر لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچە خوراوەکانی سێ مانگی ئەمساڵ لەسەر ھەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم سکاڵامان تۆمارکرد". . بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، وەزارەتی دارایی عێراق لەماوەی یاسایی خۆیدا وەڵامی دادگای داوەتەوە و وتویەتی کە ئەوان "لە ساڵی 2019دا ھەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا بودجەی تەواوی ھەرێممان ناردووە و بەرپرسیار نین، ئەوە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمەوە ھەیە". . گروپەکە بەداخە کە "تا ئێستا و سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار مانگ و نیو وەزارەتی دارایی وەڵامی دادگای نەداوەتەوە، ھەرچەندە دادگا لەڕێگای نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغدا و بە نوسراوی ژمارە 7685 ئاگادارینامەی بۆ وەزارەتى دارایی هەرێم ناردووە" . گروپەکە بەردەوامبوونی هەوڵەکانى دوپاتکردووەتەوە بۆ گەیاندنى سکاڵاکە بە ئەنجامى خۆى.