گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

داواكارى جیاجیایان هەیە

پێکهاتەکانى کەرکوک چاویان لە هەموارى دەستورە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى پارێزگاکە

2019.12.15 - 17:10
پێکهاتەکانى کەرکوک چاویان لە هەموارى دەستورە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى پارێزگاکە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح   پێکهاتەکانى کەرکوک چاویان لە هەموارى دەستورى عێراقە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى کەڵەکەبووەکانى پارێزگاکە و داواکاى جیاجیایان هەیە لەو بارەیەوە. . تورکمانەکان داوادەکەن باری تایبەتی پارێزگاکە لەکاتی هەموارکردنەوەی دەستوردا ڕەچاو بکرێت، عەرەبەکانیش جەختدەکەنەوە کە دەبێت دەستور کارى ئەنجومەنەکان سنوردار بکات، کوردیش پێیوایە جێبەجێکردنی ماددەی 140، کۆتایی بە هەموو ئاڵنگارییەکان دەهێنێت. . مانگی ڕابردوو پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ هەمواركردنه‌وه‌ی دەستور، سیستمی حومکڕانیی و پەیوەندیی پارێزگاکان لەگەڵ پایتەخت گرنگترین ئەو خاڵانە دەبن کە بڕیارە لە هەموارکردنەکەدا جێگیربکرێن. . تا ئێستا دیارنییە لە هەموارەکەدا دەست بۆ ماددەى 140 دەبرێت یاخود نا، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى پرسی ناوچە جێناکۆکەکان لەناویاندا پارێزگاى کەرکوک. . ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند "پێویستە لە هەموارکردنەوەی دەستووردا تایبەتمەندیی هەردوو پارێزگای کەرکوک و بەغدا پارێزراوبێت". . ئاماژەی بەوەشکرد، تورکمانەکانی داوادەکەن کەرکوک تایبەتمەندی هەبێت ئەویش بە پێدانی دۆخی تایبەت لە بەڕێوەبردنی شارەکە بەهاوبەشی لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە لە تورکمان و کورد و عەرەب. . لایەنە کوردیییەکانی کەرکوک پێیانوایە ماددەی 140 تەنها ڕێگە چارەیە بۆ بنبڕکردنی کێشەکانی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. . ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای کەرکوک (یەکێتی) بە ناس کوردی وت "تاکە ڕێگە بۆ کۆتایهێنان بە کێشەکانی کەرکوک کارکردن بە ماددەی 140ی دەستوری عێراق دەبێت". . وتیشی "ماددەی 140 مادەیەکی دەستورییە بەهیچ شێوەیەک کۆتایی پێنەهاتووە و لیژنەکانی سەر بەو مادەیەش بەردەوامن لەکارەکانیان، ئەمساڵیش بڕێکی دیکەی پارەی بۆ تەرخانکراوە". . عەسکەری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابن ئەو مادەیە هەڵبوەشێنرێتەوە، "هەموو دەستورێک ڕەتدەکەینەوە ئەگەر پێچەوانەی خواستەکانی کورد و کەرکوکییەکان بێت". . پارتی هاورایە لەگەڵ بۆچوونەکانی یەکێتی لەبارەى شێوازى چارەسەرکردنى دۆخى پارێزگاکە و  سوربوونی خۆشیان نیشاندەدەن لەسەرئەوەی کە دەبێت چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک لە ڕێگەی مادەی 140ى دەستورەوە بکرێت. . محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک (پارتى) بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ماددەی 140 جەخت لە تایبەتمەندی دۆخی کەرکوک دەکاتەوە، ئەوانەی داوادەکەن کەرکوک دۆخێکی تایبەتی هەبێت بابڕۆن مادەی 140 بەوردی بخوێننەوە". . ئاماژەی بەوەشکرد، "کەرکوک لەهەموو ڕوویەکەوە جیاوازە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بۆیە دەبێت تایبەتمەندییەکانی ئەم شارە ڕەچاو بکرێت ئەو تایبەتمەندییەش بەشێوەیەکی ڕوون لە مادەی 140دا بەرجەستەکراوە". . بەوتەى محەمەد کەمال، هەموولایەنە سیاسییە کوردییەکانی کەرکوک کۆکن لەسەر ئەوەی کە تەنها چارەسەر بۆ دۆخی کەرکوک مادەی 140 ی دەستوری عێراقە. . پێکهاتەى عەرەب داوایەکى جیاوازى هەیە بۆ چارەسەرکردنى دۆخى پارێزگاى کەرکوک و داوادەکات لە دەستوردا کارى ئەنجومەنەکان سنوردار بکرێت بۆ ئەوەى بتوانن خزمەتگوزاریی پێشکەش بە پارێزگاکە بکەن. . ئەندامێکی عەرەبی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک پێیوایە، تەنها چارەسەر بۆ دۆخی شارەکە کارکردنە بە پێوەری "کێ باشترین خزمەتگوزاریی پێشکەش بەخەڵک دەکات لە بری بەردەوام بوون لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پشک پشکێنە ونەتەوەگەریی". . مەعن حەمدانی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، بە ناس کوردی ڕاگەیاند "کەرکوک هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پارێزگاکانی موسڵ، دیالە وسەڵاحەدین نییە، هەموویان بەرجەستەی عێراقێکی بچوک دەکەن لەڕووی پێکهاتەوە". . وتیشی "تێکەڵبوونی ئەنجوومەنی پارێزگا بە کێشە سیاسییەکانی پارێزگاکە هۆکاری خراپ بوونی دۆخی پارێزگاکە بووە، دەبێت ئەنجومەنی پارێزگا تەنها سەرقاڵی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارى بێت نەک تێکەڵ بێت بە کێشە سیاسییەکان". . حەمدانی ڕوونیکردەوە، دەبێت دەستور کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان قەتیس بکات و سنورداری بکات، تەنها لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاوڵاتییان و تێکەڵ نەبوون بە کاری سیاسی. . بەبڕواى حەمدانى، دانانی کەسی شیاو، دەستپاک و دڵسۆز لەکایە کارگێرییەکانی پارێزگاکە بەبێ ڕەچاوکردنی نەتەوە، ئاین و سیاسەتی پشک پشکێنە،  تەنها ڕێگە چارەیە  بۆ دەربازبوون لە کێشە ئاڵۆزبووەکانی پارێزگای کەرکوک.