ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح
لەدواى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى، لە پۆستى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە ئێستادا و بە گوێرەى دەستورى عێراق تەنها سێ رۆژ ماوە بۆ دیاریکردنى کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە و بە گوێرەى رۆژنامەیەکى عەرەبیش بۆ ئەو پۆستە پێدەچێت بازەکە لەسەر شانى محەمەد شیاع سودانى بنیشێتەوە.
.
ڕۆژنامهی شهرقولئهوسهت بڵاوى کردەوە، لایهنه سیاسیهكان ڕێكکهوتنیان لهسهر محهمهد شیاع سودانی بۆ وهرگرتنی پۆستی سهرۆكوهزیرانی نوێی عێراق كردوه و ڕۆژی دووشهممهش، لهلایهن سهرۆك كۆماری عێراقهوه بۆ پێكهێنانی كابینهی نوێ ڕادهسپێردرێت.
.
بەگوێرەى بەدواداچوونێکى ناس کوردیش دەرکەوتووە شیاع سودانى کۆدەنگییەکى پەرلەمانتارانى کوردى لەسەرە و هەڵوێستى ئەو بەرامبەر بە کورد بە ئەرێنى دەزانن و بە کەسێکى دەزانن کە گەندەڵ نییە و دوورە لە شۆڤێنییەت.
.
جەمال شوکر، ئەندامى پەرلەمانی عێراق، لەفراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند:"سودانی پیاوێکی هاوسەنگە، تائێستاش تێبینی ئەوەی لەسەر نییە کە گەندەڵ بێت یاخود شۆڤێنی بێت".
.
وتیشی:"ئێمە لەگەڵ هەر سەرۆکوەزیرانێکین کە بڕوای بە جێبەجێکردنی دەستور هەبێت".
.
سەبارەت بەوەی ئایا تەچەند ئەگەری هەیە کورد لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بدات بە سودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی وتی :"ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکێتی چاوەڕوانی بڕیاری سیاسی حیزبەکەی خۆمانیین، پێدەچێت هەموو سەرکردایەتی حیزبە سیاسیە کوردییەکان ئاگاداری ئەو بابەتە بن".
.
محەمەد شیاع سودانی لەدایکبووی ساڵی 1970ی بەغدایە. ماستەری لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکاندا هەیە و یەکێک بووە لە سەرکردەکانی حزبی دەعوە. ئێستا بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی لە حزبی دەعوە و دەوڵەتی یاسا ڕاگەیاندووە.
.
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامیش لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە لە95%ى پەرلەمانتارە کوردەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ کاندیدکردنی سودانیین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
سەلیم شوشکەیی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، بە ناس کوردى وت :"وەک فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی هیچ تێبینییەکمان لەسەر سودانی نییە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا کەس پرسی بە ئێمە نەکردووە دەنگ بەو پیاوە بدەین یاخود نا".
.
شوشکەیی ئاماژەی بەوەکرد"سودانی لەڕووی کارگێڕییەوە ئەزمونێکی باشى هەیە بەو پێیەی کە ماوەیەک پۆستی وەزیری هەبووە لە حکومەتەکەی مالیکی و عەبادی".
.
پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەی خستەڕوو "سودانی هەڵوێستی لە بەرامبەر کورد ئەرێنییە و پێیوایە پەرلەمانتارە کوردەکان لە پەرلەمانی عێراق بەڕێژەی لە95% دەنگی پێدەدەن چونکە کەسێکی گەندەڵ نییە، هەروەها بەوەش ناسراوە کە کەسێکی بوێرە و دەست پاکە و تایفە پەرست نییە".
.
سەلیم شوشکەیى ڕوونیکردووە، دوای گەڕانەوەیان بۆ بەغدا بڕیارە لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکانی دیکەی ناو پەرلەمانی عێراق ڕاوێژ سەبارەت بەو پرسە بکەن.
.
هەرچی فراکسیۆنی پارتیشە لەو بڕوایەدان ئەستەمە سودانی بتوانێت لەم دۆخە هەستیارەدا پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەربگرێت ئەگەر نێوەندگیرییەک لە خۆپیشاندەراندا نەکرێت.
.
دانا جەزا، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ناس کوردی روونکردەوە :"عێراق بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت بۆیە ئەستەمە سودانی دەرفەتی ئەوەی هەبێت ئەو پۆستە وەربگرێت".
.
وتیشى:"سەبارەت بە پرسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن سودانییەوە تائێستا بەفەرمی ڕاوێژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان نەکراوە، ئێمە پابەند دەبین بە بڕیاری سەرکردایەتی خۆمانەوە".
.
"سودانی هیچ خاڵێکی نەرێنی لەسەر نییە و یەکێکە لە کەسایەتییە باشەکانی ناو پەرلەمانی عێراق" دانا جەزا وای وت.
.
سودانی ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، پێشتر لە حکومەتەکەی حەیدەر عەبادى وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بووە. لە 2010 بۆ 2014 لە کابینەی دووەمی مالیکی وەزیری مافی مرۆڤ بووە. لە ساڵانی 2009 -2010 پارێزگاری میسان بووە و لەساڵی 2014 پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بە وەکالەت بەڕێوەبردووە.
.
سودانی هەر لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆرترین ناوی هاتووە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، خۆیشی هەر زوو ڕونکردنەوەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو کاندیدی گەلە و کاندیدی هیچ حزبێک نیە.وەک ئامادەکارییەکیش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانیش لە چەند ڕۆژی رابردوودا دەستلەکارکێشانەوەی لە حزبی دەعوە و و فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا ڕاگەیاند.
.