گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەتۆمەتى کۆمەڵکوژى خۆپیشاندەران

 ڕاپۆرتێکى ئەمریکى باس لە پەلکێشکردنى عەبدولمەهدى بۆ دادگاى نێودەوڵەتى دەکات

2019.12.13 - 20:56
App store icon Play store icon Play store icon
 ڕاپۆرتێکى ئەمریکى باس لە پەلکێشکردنى عەبدولمەهدى بۆ دادگاى نێودەوڵەتى دەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   پێگەیەکى ئەمریکى باس لە ئەگەرى دادگایی کردنى عادل عەبدولمەهدى سەرۆکى دەستلەکارکێشاوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق دەکات لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى لە لاهاى، بەتۆمەتى "کۆمەڵکوژى خۆپیشاندەران". . پێگەى ئەلمۆنیتەرى ئەمریکى لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتى عێراق دڵنیایە لەوەى لە ئێستادا ناتوانرێت پەناببرێت بۆ دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى لە لاهاى، بەو پێیەى عێراق ئەندام نییە لەو پەیماننامەیەى کە ڕێککەوتنەکەى لەسەر دامەزراوە. . باسى لەوەشکردووە، له‌میانى سه‌ردانه‌كه‌ى ژماره‌یه‌ك له‌ دیپلۆماتكارانى ئه‌وروپى بۆ لاى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ڕێكه‌رى عێراق له‌ 7ى دیسمبه‌رى ئه‌م ساڵ، دیپلۆماتكارانى ئه‌وروپى به‌توندى ئیدانه‌ى كوشتنى خۆپیشانده‌رانیان كردووه‌ و داواشیان له‌عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ ڕابگرێت و ڕاده‌ستی دادگایان بكات و جارێكى تریش ئه‌و ڕوداوانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌، له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى دیپلۆماتكاران و سه‌رۆك وه‌زیرانیشدا ئه‌وه‌ دوپاتكرابویه‌وه‌. . به‌ڵام له‌گه‌ڵ شكسته‌ به‌رده‌وامه‌كانى حكومه‌ت بۆ گرتنه‌ به‌رى ڕێوشوێنى پێویست بۆ به‌ره‌نگارى ئه‌و كارانه‌، داواى لیكۆڵینه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌و تاوانانه‌دا زیاتر ده‌بوو. . مانگى ڕابردوو ئه‌یاد عه‌لاوى هۆشدارى ئه‌وه‌یدا، گه‌ر بێت و حكومه‌ت چاوبپۆشێت له‌ لێپرسینه‌وه‌ى تاوانبارانى كوشتنى خۆپیشانده‌ران ئه‌وا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر دادگاى نێو ده‌وڵه‌تى. . وته‌كانى عه‌لاوى له‌كاتێكدا بوو ژماره‌ى كوژراوانى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق 300 كه‌سى تێپه‌ڕاندبوو. . به‌پێى زانیارییه‌كانى ئه‌لمۆنیته‌ر، جموجۆڵێكى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند ڕێكخراوێكى تایبه‌ت به‌مافه‌كانى مرۆڤى عێراقى و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تاوانى کوشتنى خۆپیشانداندەران بچێته‌ دادگایه‌كى نێو ده‌وڵه‌تى. . هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى ئه‌لمۆنیته‌ر، ئه‌و لایه‌نانه‌ سه‌ره‌تا ده‌یانه‌وێت سكاڵا له‌دژى عادل عه‌بدولمەه‌دى تۆمار بكه‌ن به‌و پێیه‌ى به‌رپرسى یه‌كه‌مى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، كه‌سى دووه‌میش كه‌ سكاڵاى له‌سه‌ر تۆمار ده‌كرێت نه‌جاح شه‌مه‌رى وه‌زیرى به‌رگرییه‌. . سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار به‌ ئه‌لمۆنیته‌رى ڕاگه‌یاندووه‌، له‌چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتودا ده‌ستب بەو کارانە ده‌كه‌ن كه‌ ده‌توانن بیكه‌ن، ئه‌وه‌ش گه‌ر هاتوو هیچ هه‌وڵێكى جدییان له‌لایه‌ن دادگاكانى عێراقه‌وه‌ نه‌بینى بۆ په‌لكێشكردنى بكوژى خۆپیشانده‌ره‌كان، ئه‌وكات ده‌توانن له‌دادگاكانى ئه‌وروپا سكاڵا به‌رزبكه‌نه‌وه‌. . پێشتریش میدیا ناوخۆییه‌كانى عێراق ئه‌وه‌یان بڵاو كرده‌وه‌، له‌دواى ڕوداوى كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌ى پردى كۆمارى و سه‌نك و چه‌ند ڕوداوێكى تر، جمجۆڵێكى ناوخۆیى بۆ به‌دادگاى گه‌یاندنى عه‌بدولمه‌هدى به‌ئه‌وروپا ده‌ستیان پێكردووه‌. . مه‌عاز ئه‌لمومنى پسپۆڕى یاسایی له‌ ڕێكخراوى پارێزه‌رانى بێ سنور به‌ئه‌لمۆنیته‌رى ڕاگه‌یاندووه‌، په‌نا بردنه‌ به‌ر دادگاكانى نێو ده‌وڵه‌تى بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ بكوژانى خۆپیشانده‌ران، پێویستى به‌بڕیارێكى نێو نه‌ته‌وه‌یى هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ى عێراق ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سیستمى ڕۆما نیه‌. . جه‌ختیشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌، ئەو کارە دەکرێت له‌ڕێگه‌ى فشار خستنه‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ بێت بۆ هاندانى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش بۆ ئه‌وه‌ى داوا له‌ دادگاى باڵاى تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكات چاو به‌و دۆسییه‌یه‌دا بخشێنیته‌وه‌. . به‌ڵام ئێستا عێراق له‌وه‌ش دڵنیایه‌ كه‌ ناتوانرێت عەبدولمەهدى ڕاپێچى دادگاى تاوانى نێو ده‌وڵه‌تى لاهاى بكرێت چونكه‌ كاتێك ئه‌و دادگایه‌ دامه‌زراوه‌ عێراق ئه‌ندام نه‌بووه‌ تێدا ئه‌وه‌ش له‌ترسى ئه‌وه‌ى ڕۆژگارێك سه‌دام حوسێن بانگهێشتى لێپرسینه‌وه‌ى دادگاكه‌ نه‌كرێت. . به‌ڵقیس ویڵى توێژه‌ر له‌ دۆسییه‌ى عێراقى ڕێكخراوى هیومان ڕایتس وۆژ به‌ئه‌لمۆنیته‌رى ڕاگه‌یاندووه‌، به‌دبه‌ختیه‌ كه‌ عێراق ئه‌ندامى سیستمى ڕۆما نییه‌ بۆیه‌ پێده‌چێت نه‌توانرێت بانگهێشتى لێكۆڵینه‌وه‌ى دادگاى تاوانى نێو ده‌وڵه‌تى بكرێت. . ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، چالاكانى عێراق ده‌توانن له‌ڕێگه‌ى داواكارییه‌كه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى مافه‌كانى مرۆڤى سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى كۆبونه‌وه‌یه‌ك تایبه‌ت به‌ بارودۆخى عێراق گرێبدات، له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ش پاڵ به‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ بنێت بۆ ئه‌وه‌ى میكانیزمێك بۆ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ى پێشیلكاریه‌كانى مافى مرۆڤ له‌عێراقدا دابنێت، ئه‌وه‌ش باشترین ڕێگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى عێراقییه‌كان بتوانن سه‌ر‌نجى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ئاگابوون له‌مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ته‌كه‌یان ڕابكێشن. . سه‌رچاوه‌یه‌كیش به‌ ئه‌لمۆنیته‌رى ڕاگه‌یاندووه‌، عه‌بدولمه‌هدى ناسنامه‌ى فه‌ره‌نسى هه‌یه‌ و ده‌شتوانن له‌و وڵاته‌دا سكاڵاى له‌دژ تۆمار بكه‌ن. . ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، ئێستا عێراقییه‌كان له‌تاراوگه‌ سه‌رقاڵى لۆبیكردنن بۆ به‌دادگایی گه‌یاندنى ئه‌و به‌رپرسه‌ عێراقییانه‌ى كه‌ ناسنامەى وڵاتانى ڕۆژئاوایان هه‌یه‌ و ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌كوشتنى خۆپیشانده‌راندا، ڕێگه‌ى دادگا له‌دژیان ده‌گرنه‌ به‌ر و چاوه‌ڕوانى ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ش ده‌بن كه‌ ئه‌و حكومه‌تانه‌ بۆ به‌دادگایی گه‌یاندنى ئه‌و به‌رپرسه‌ عێراقییانه‌ ده‌یگرنه‌ به‌ر.