گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کاندیدى خۆیان بۆ سەرۆک وەزیران ڕادەستى کورد کردووە

ناس کورد وردەکاریی سەردانێکى نهێنى سێ سەرکردەى باڵاى شیعە بۆ هەرێم ئاشکرادەکات (تایبەت)

2019.12.13 - 20:02
ناس کورد وردەکاریی سەردانێکى نهێنى سێ سەرکردەى باڵاى شیعە بۆ هەرێم ئاشکرادەکات (تایبەت)
ناس کورد –   هەریەکە لە هادی عامری و فالح فەیاز و ئەبو مەهدی موهەندیس هەوڵەکانیان بەتەواوەتی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی محەمەد شیاع سودانی بکەنە سەرۆک وەزیرانی کاتی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان کردووە. . ماوەی چەند ڕۆژیکی کەم ماوە بۆ کۆتایی هاتنی ئەو وادە دەستورییەی خراوەتە بەردەم لایەنە شیعییەکان بۆ ئەوەی کاندیدی خۆیان بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدول مەهدی ڕادەستی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بکەن،  بۆ ئەوەی پەسەندی بکات و بینێرێتە پەرلەمان و دەنگی پێبدرێت وەکو سەرۆک وەزیرانی کاتی تائەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو. . لە ئێستادا بەشێوەیەکی چڕ لایەنە شیعییەکان کەوتونەتە جموجوڵ و بەپێی زانیارییەکانى ناس کورد، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هەریەکە لە فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی وهادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و ئەبو مەهدی موهەندیس، ژمارەیەک سەردان و گەڕانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی ناوی محەمەد شیاع سودانی وەکو کاندیدی هاوبەشی خۆیان بدەنە بەرهەم ساڵح تا ببێتە سەرۆک وەزیرانی کاتی. . سەرچاوەیەکی باڵا بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ئەو سێ سەرکردەیەی لایەنە شیعییەکان لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەگەڵ سەرکردەی لایەنە کوردییەکان کۆبوونەتەوە، هەروەها جگە لە گفتوگۆیان لەنێو خۆیاندا لەگەڵ لایەنە سونییەکانیشدا کۆبوونەتەوە و دەیانەوێت جۆرێک لە کۆدەنگی بۆ پاڵپشتی سودانی دروستبکەن". . ئەو سێ سەرکردەیە بە لایەنە کوردی و سونییەکانیان وتووە "بەڕای ئێمە سودانی هەموو ئامادەیی و توانایەکی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە و دەتوانێت لەو ماوە کاتییەدا کاری چاک بکات و سەرکەوتووبێت". . ئەمەش لەکاتیکدایە کە هەر ئەمڕۆ سودانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە  تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویه‌تی، "له‌ حزبی ده‌عوه‌ و هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ستم له‌كار‌كێشاوەتەوە و من چیتر كاندیدی هیچ حزب و لایەنێک نیم، تەنها ئینتیمام بۆ عێراق هەیە". محەمەد شیاع سودانى پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسایە بەسەرۆکایەتى نورى مالیکى، ساڵى 2010 وەزیرى مافى مرۆڤ بووە، پاشان پۆستى سەرۆکى دەستەى لێپرسینەوە و دادپەروەرى بۆ ڕیشەکێشکردنى بەعس بە وەکالەت وەرگرتووە. . سودانى ساڵى 2013 بە وەزیرى کشتوکاڵ دیاریکراوە، پاشان بووەتە سەرۆکى دامەزراوە زیندانییە سیاسییەکان، ماوەیەک بە وەکالەت وەزیرى کۆچ و کۆچبەران و وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى بووە، پاشان بووەتە وەزیرى دارایی بە وەکالەت، دواتر هەمان پۆستى لەهەردوو وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى وەرگرتووە. . تا ئێستاش حزبی دەعوە کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات هیچ هەڵوێستیکی دەرنەبڕیوە و بەڵام سائیرون کە سەرۆکەکەی مەقتەدا سەدرە بەفەرمی لەڕێگای ساڵح عێراقی وەزیری سەدرەوە دژایەتی کاندیدبوونی سودانی ڕاگەیاند و باسی لەوەکرد "سودانی کاندیدی حزبە و خۆپیشاندەرانیش کاندیدی حزبیان ناوێت". . ئێوارەی ئەمڕۆش نەعیم عەبدوی سەرۆکی کوتلەی سادیقونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند "ئێمە وەکو هاوپەیمانی بیناء پشتیوانی لە کاندیدبونی محەممەد شیاع سودانی دەکەین بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو". . دوای ئەم هەواڵانەش خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر دروشمەکانیان بۆ دژایەتی سودانی گۆڕی و ڕایانگەیاند "ئێمە نە (محەممەد شیاع سودانی و نە عیزەت شابەندەر و قوسەی سوهیل و نە ئیبراهیم بەحرعلوم و نە عەبدولحسیێن عەبتان)مان ناوێت، چونکە ئەوانە کاندیدی حزبن و دەستیان هەیە لەو گەندەڵیانەی تا ئێستا کراوە". لە ئێستاشدا شەقامی شیعەکان بەتەواوەتی دابەش بوون و تەنها پێنج ڕۆژیش ماوە بۆ ئەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی نوێی دیاری بکرێت، بەپێچەوانەوە لەئەگەرى یەکلایی نەبونەوەی لایەنەکان، بەپێی دەستور سەرۆک کۆمار دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران وەردەگرێت تاوەکو دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ.