کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆکوەزیرانى پیشوترى تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانى ئاکەپە، لە کۆنگرەیەکدا دامەزراندنى حیزبێکى نوی بە ناوى (حیزبى دواڕۆژ) لە ئەنکەرەى پایتەختى تورکیا ڕاگەیاند.
,
هەر لەکۆنگرەکەدا ئۆغلۆ سەرەجەم پرەنسیپە سەرەکییەکان و ئامانجى حیزبە نوێیەکەى لە بوارى سیاسەت و ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئاینى-دا خستەڕو.
,
داود ئۆغڵۆ وتی: "ئازارەکانى ڕابردوو بەجێدەهێڵین و عیبرەتى لێوەردەگرین، چاوەڕوانى ئایندە دەکەین، ئەوەى پەندى وەرگرتبێت و بەسەر ترسدا زاڵبوبێت و هیواى هەبێت بەبێ هاتوهاوار و جوداکارى، دەتوانێت ڕابردوو تیپەڕێنێت و لە ئایندە بڕوانێت".
,
لەبارەى پرەنسیپەکانى حیزبەکەیەوە ئۆغڵۆ ئەوەى خستەڕو: "لە هەنگاوى یەکەمدا لە نزیکبوونەوە لە 100مین ساڵڕۆژى دامەزراندنى دەوڵەتى تورکیا، پێویستمان بە وەڵامدانەوەى کۆمەڵێک پرسیار لەسەر وەچەرخانەکان لەبارەى ڕێزگرتنى مافەکان و سەروەرییە نیشتیمانییەکانەوە هەیە".
,
داود ئۆغلۆ ئەوەشى ڕاگەیاند: "پاراستنى بەهاى مرۆڤ، چەسپاندنى یەکسانییانەى یاسا لەنێوان هاوڵاتییاندا، پاراستنى مافى خاوەندارێتى و سەربەستییەکان و ڕێزگرتن لە بنەما گەردوونییە بنەڕەتییەکانى مرۆڤ لە پرەنسیپە سەرەکییەکانمانن".
,
سەرۆکى حیزبە نوێکە بە بایەخەوە باسى لە فەراهەمکردنى مافى دەربڕینى ئازادانە و بەرپاکردنى سیستمێکى بۆ مافە گشتییەکان کرد، دژایەتى کردنى هەموو جۆرە ئایدیاییەکى ڕاگەیاند کە مرۆڤ بکاتە کۆیلە.
,
داود ئۆغڵۆ ئاماژەى بە ئازادى ڕۆژنامەنوسى کرد، یەکسانى نێوان هاوڵاتییان بەبێ گوێدانە ڕەگەز و ئاین و مەزهەبیان بە سیاسەتى خۆى زانى.
,
لەبارەى مافى کەمینەکانیشەوە، ئۆغڵۆ جەختى لەوەکردەوە، کەمینەکان شایەنى هەموو ڕێزێکن لەناو کۆمەڵگەدا و لەسەر هەموانیش بەپیویستى زانى پەرە بەو مافەیان بدرێت بەتایبەت مافى فێربوون بە زمانى دایک.
,
لەبارەى کوردیشەوە ئۆغلۆ وتى: "کۆچ و تێکەڵى نیوانمان پەیوەندییەکى شارستانى پێکەوە دامەزراندووە، حیزبەکەمان لەڕێگەى عەقڵێکى هاوبەشەوە هەوڵى پالپشتیکردنى ئەو پەیوەندییە دەدات".
,
لەبارەى پرەنسیپە ڕۆحى و ویژدانییەکانیشەوە ئۆغلۆ ڕایگەیاند: "لەسیاسەتدا پیویست ناکات دین تێکەڵى ئەو پرسە بکرێت، سەربەستى ئاینى بەبێ گرێدانى بە سیاسەتەوە هەیە، ئەوەش دەبێت لەچوارچێوەى مافى خۆیاندا بەڕێوە بچن".
,
سەرۆکى حیزبى دواڕۆژ، مافى بەرجەستەکردنى علمانییەت و حوکمى زۆرینەى بە پێویست زانى، هەرەوەها خواست و داواکارییەکانى عەلەوییەکان و دۆزینەوەى ڕێگەچارەیەکیش بۆ کیشەکانیان و کێشەى سەرجەم پیکهاتە ناموسڵمانەکانى تریش بە پێویست زانى.
,
لەبارەى پرسى دادوەرى وڵاتەکەشیەوە، ئۆغڵۆ جەختى لەوە کردەوە، تورکیا پێویستى بە چەمکێکى فراوانترە لەبوارى ئاسایشدا و گرنگترین ئەرکى دادگاش بەگژداچونەوەى تیرۆر و پاراستنى ئاسایشى گشتییە و ئەو دژى هەر پشێوییەکە.
,
هاوڕێ دیرینەکەى ئەردۆگان و سەرۆکى حیزبە نوێکەى تورکیا، جەختى لەوەشکردەوە، حیزبەکەیان دژایەتى جیاوازى نێوان ژنان و پیاوان دەکات و باوەڕى بە یەکسانی نێوانیان لە هەموو مافەکاندا هەیە، تەندروستى و فێرکردن مافى هەموو تاکێکە بەپێى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
,
مانگى ئابى ئەمساڵ، ئەحمەد داود ئۆغڵۆ دەستلەکارکێشانەوەى خۆى لە حیزبى ئاکەپە کە ئەردۆگان سەرۆکایەتى دەکات ڕاگەیاند، بەدواى ئەویشدا چەندین بەرپرسى باڵاى ئاکەپە لەنێو حکومەت و حیزبەکەشدا دەستلەکارکێشانەوەیان ڕاگەیاند و وا چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ڕاگەیاندنى حیزبە نوێیەکەش چەندین پەرلەمانتار و بەرپرسانى حیزبى و حکومى ئاکەپە بچنە پاڵ داود ئۆغلۆ.
,
,