کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- چالاکوان و خۆپیشاندەرانى عێراق ئیدانەى لەسێدارەدانى کەسێک دەکەن کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە) لەگۆڕەپانى وەسبەى بەغدا دواى کوژرانى تەرمەکەى بەستونى گۆڕەپانەکەدا هەڵواسرا. . لەڕاگەیەنراوێکدا خۆپیشاندەرانى گۆڕەپانى تەحریر ئیدانەى ڕوداوەکەیان کرد و بێ بەریبوونى خۆیان لەڕوداوەکە و ئەو ڕوداوانەى لەچوارچێوەى ئاشتیانەى خۆى دەچێتە دەرەوە، دەربڕى. . ئاماژەشیان بۆ ئەوە کرد، ئەوەى لەگۆڕەپانى وەسبە ڕویداوە بەوتەى شایەتحاڵەکانى ڕوداوەکە لە خەڵکانى مەدەنیى و هێزە ئەمنیەکانیش، کەسێک لەناو گۆڕەپانەکەدا کە سەرخۆش بووە بەمادە بێهۆشکەرەکان تەقەى لە خۆپیشاندەرانى ئاشتیخواز کردووە و ژمارەیەکى لێ کوشتوون، ئەوەش بەبەرچاوى هێزە ئەمنیەکانەوە و ئەوان هیچ دەستوەردانێکیان بۆ ڕاگرتنى نەکردووە. . خۆپیشاندەرانى گۆڕەپانى تەحریر ڕونیشیان کردووەتەوە، ڕوداوەکە بووەتە هۆى ئەوەى ژمارەیەک کەسى نەناسراو هێرش بکەنە سەر ماڵى ئەو کەسە و ڕوداوەکەى لێکەوتووەتەوەکە ئەوەش بەلاى خۆپیشاندەرانى ئاشتیخوازەوە ڕەتدەکرێتەوە. . لەگرتە ڤیدیۆییەکاندا تەرمى کەسەکە بەڕوونی دەردەکەوێت کە بەستونێکى گۆڕەپانەکە هەڵواسراوە و خۆپیشاندەرانیش دەڵێن ئەو کەسەیە کە تەقەى لەخەڵک کردووە و چەند کەسێکیشى کوشتووە. . جیاوازییەکان لە گێڕانەوەى ڕوداوەکە گومانى دروستکردووە، میدیاکانى عێراق لەسەر زارى عەبدولکەریم خەڵەف، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بڵاویان کردەوە، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە مێردمنداڵێک لەتەمەنى 16 ساڵان کوژراوە ئەوەش دواى ئەوەى دەمەقاڵێى لەگەڵ خۆپیشاندەران کردووە. . خەڵەف ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، کەسێک بەناوى هەیسەم عەلى ئیسماعیل چووەتە گۆڕەپانەکە و لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بووەتە دەمەقاڵێیان، دواى ئەوەى چوونەتە سەر ماڵەکەى و ئامادە نەبوون بەجێبهێڵن گرژى لەنێوان هەردولادا دروست بووە و بەو هۆیەوە ئەو مێردمنداڵە بەدەمانچەکەى دەستى فیشەکى بەئاسماندا کردووە، بەڵام لەوەڵامى ئەو کارەدا خۆپیشاندەران بەمۆلۆتۆف ماڵەکەیان سوتاندووە. . فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان باسى لەوەش کردووە، دواى سوتاندنى ماڵەکەى لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کوشتویانە و بەعامودى گۆڕەپانەکەوە هەڵیانواسیوە. . خەڵەف ئەوەشى درکاندووە، دەستوەردانیان لەڕووداوەکەدا نەکردووە و چاوەڕوانى بڕیارى لایەنى پەیوەندیدارن ئەوەش لەترسى دروست نەبوونى پێکدادان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا. . ڕوداوەکە کاردانەوەى جیاجیاى لێکەوتووەتەوە و ژمارەیەک لەچالاکوان و سیاسیە عێراقیەکان بەدوورى دەزانن ڕوداوەکە دەستى خۆپیشاندەرانى ئاشتیخوازى تێدا بێت و پێشیانوایە خۆپیشاندەران ئەو کارەیان لێناوەشیتەوە و قبوڵیشى ناکەن. . لەلایەکى تریشەوە هەر دوابەدواى ڕوداوەکە، ڕەوتى سەدر هەڕەشەى کشانەوەى لایەنگرانى لەنێو خۆپیشاندانەکان کرد و هۆشدارى ئەوەشیدا چیتر خۆپیشاندەران ناپارێزێت گەر بێتو تۆمەتبارانى ڕووداوەکە لەماوەى بیست و چوار کاتژمێردا ڕادەست نەکەن. .