کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- بەپێی پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان کە تەنها خوێندنەوەى سێیەمی ماوە، گۆڕانکارییەکی زۆر لە کاری ڕیکلامدا دروست دەبێت بەتایبەت ڕێکخستنەوەی ڕیکلام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە ڕەخنەیەکی زۆری لەسەرە. . دوێنێ سێشەممە، 10ی کانونی یەکەمی 2019، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای ڕیکلامی بازرگانی کرد و بە قسەى موحسین حەسەن، بڕیاردەری لیژنەى ڕۆشنبیری بۆ ناس کورد، ڕەخنە و پێشنیازی پەرلەمانتاران وەرگیراوە و ئامادەیە بۆ خوێندنەوەى سێیەم و کۆتایی. . زیاتر بخوێنەوە: ئەو ڕیکلامانەی "کچە مۆدێلەکان"ی هەرێم دەیکەن تا چەند نزیکن لە ڕاستییەوە؟ [تایبەت] . بەپێی گرنگترین خاڵەکانی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە، لە ڕیکلامدا دەستەواژەی "سەد لە سەد گەرەنتی"، "سەد لە سەد بەسود"، "بێهاوتاترین" و هاوشێوەکانی قەدەغەیە و نابێت بەکاربهێنرێت، هەروەها ڕیکلامکردن قەدەغەیە بۆ ئەو بەرهەمانەى کە لە ستانداردی جیهانیدا نەسەلمێندراون. . لە پڕۆژەیاساکەدا ئەوەش هاتووە کە ڕیکلامکردن بۆ ماددە کحولییەکان ڕێگەپێنەدراوە و هەروەها نیشاندانی جەستەی ژن بەڕووتی و نیمچەڕووتی و بەکارهێنانی بۆ سەرنجڕاکێشان و ڕیکلامکردن بۆ دەرمان بە ناوە بازرگانییەکەیەوە قەدەغەیە. . ئەوەی جێگەی گرنگییە لە پڕۆژەیاسەکەدا، ئەو ڕیکلامانەی تایبەتن بە کەرەستە یاخود دەرمانی پزیشکی پێویستە ڕیکلامکارەکە پزیشک یان پسپۆڕی دەرمانسازی بێت. . هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، کە پێویستە سەرجەم ئەو دەرمانانەی ڕیکلامیان بۆ دەکرێت لە لیستی حکومیدا تۆمارکرابن. . هەر لە خاڵێکی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە کە سەرجەم مادەکانی لە ڕیکلامەکانی ئینتەرنێتیشدا پەیڕەو دەکرێت، موحسین حەسەن بە ناس کوردی وت کە تائێستا هیچ وادەیەک بۆ خوێندنەوەى سێیەم دیارینەکراوە بەڵام زۆر "دواناکەوێت". . لەدوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکەش چیتر ڕێگەنادرێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەوشێوەی ئێستا ڕێکلام بۆ دەرمانەکانی جوانکاری بکرێت، کە ڕەخنەیەکی زۆری لەسەرە و بەشێک لە پزیشکان ئاماژە بەوەدەکەن، زۆرێک لەو ڕیکلامانەی کە بۆ پێداویستی و دەرمانی جوانکاری دەکرێن دورن لە ڕاستییەوە و زیانیان زۆرترە لە سود.