گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خۆپیشاندەران بەرەو جێبەجێکردنى دووەم داوایان هەنگاودەنێن

کورد ڕەتینەکردووەتەوە .. کۆدەنگی هەیە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە

2019.12.11 - 12:14
 کورد ڕەتینەکردووەتەوە .. کۆدەنگی هەیە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە
ناس کورد –   کۆدەنگییەک لەناو سیاسەتمەدارانى عێراق دروستبووە بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە، کە ئەگەر بکرێت دەبێتە یەکەم هەنگاوى لەو شێوەیە لەدواى ڕوخانى ڕژێمى سەدام حوسەین لەساڵى 2003 ەوە تا ئێستا. . هەنگاوەکان بەو ئاڕاستەیە، وەڵامدانەوەیەکى یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانى خۆپیشاندەرانە و دەبێتە دووەم داواى سەرەکیان کە جێبەجێ بکرێت، دواى ئەوەى داواکارى یەکەمیان بە دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆک وەزیران بەدیهات. . ئەمڕۆ، چوارشەممە، 11ی کانونی یەکەمی 2019، زافر عانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی قەرار بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوستى ڕاگەیاند "لەنێوان زۆرینەی لایەنە عێراقییەکان کۆدەنگییەک هەیە لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوبارە بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە کوردییەکان هەڵوێستى خۆیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام ڕەتیشیان نەکردووەتەوە". . وتیشى "دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان خواستی خەڵکە و دەبێت هەموو لایەنەکانیش ڕازی بن و باوەڕیان بەخۆیان هەبێت بۆ بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنانەدا و کورسییەکانی خۆیان خۆشنەوێت و کاربکەن بۆ ئەوەی ئەو دڵەڕاوکێیەی دروست بووە کۆتایی پێبهێنن". . عانی باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا ئەگەر سەرۆک وەزیرانی نوێش هەڵبژێردرێت بۆ خۆئامادەکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کۆمسیۆن پێسیتی بە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێک هەیە. . لەگەڵ بەردەوامى خۆپیشاندانەکاندا، مانگى ڕابردوو 26 پەرلەمانتارى عێراق لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان، داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەیان کرد، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێکى کورد واژۆى لەسەر یاداشتەکە نەکردبوو. . ئەمجەد عەقابی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاند "زۆرینەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەگەڵ ئەوەدان کە هەڵبژاردنەکان دوبارە بکرێنەوە". . وتیشی "فراکسیۆنەکەی ئێمە لە کۆبوونەوەی سەرۆکى فراکسیۆنەکان لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئامادە نەبووە، هەروەها تا ئێستاش ڕەزامەندی نیشان نەداوە لەسەر دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی دوبارە ئامادەین".