کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- تاریق حەرب، شارەزای یاسایی عێراقی باسی لە کاریگەرییەکانى سزاکانى ئەمریکای کردووە کە بەم دواییە خرانە سەر چوار کەسایەتی عێراقی. . لە ڕاپۆرتێکی ئیندیپێندنتی بەریتانیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی کانونی یەکەمی 2019، بڵاوکرایەوە تاریق حەرب دەڵێت، "ئەوانەى سزاکانى ئەمدواییەی وەزارەتی گەنجینەداری ئەمریکا دەیانگرێتەوە ناتوانن هیچ هەژمارێک یان مامەڵەیەک لەگەڵ بانکەکاندا بکەن، هەر کەرتێکی داراییش مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکات ئەوە توشی سزای ئەمریکا دەبێتەوە." . تاریق حەرب دەشڵێت، "کاتێک سزاکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە کە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە، لەدوای ئەوەش بانکی ناوەندی عێراقی گشتاندن بۆ هەموو لقەکانى بانک و دامەزراوە دراییەکانی وڵات دەردەکات کە مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەدا نەکەن." . لەبارەى کاریگەری سیاسی، مامۆستایەکی ئاسایشی نیشتمانی لە زانکۆی نەهرەین دەڵێت، "کاریگەریی سیاسیی سزاکان ڕوونە بە تایبەت کە بەرپرسانی فراکسیۆنى فەتحیان گرتووەتەوە کە بەشێکی سەرەکی حکومەتى عێراقین، ئامانجی ئەوەش فشارخستنەسەر ئەو سەرکردە سیاسیی و سەربازییانەیە تاوەکو گۆڕانکاریی و چاکسازی بکەن." . هەفتەى ڕابردوو وەزارەتى گەنجینەداری ئەمریکا سزای بەسەر چوار سەرکردەی عێراقیدا سەپاند بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بوونی دۆسیەى گەندەڵی، سزاکان هەریەکە لە قەیس خزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق و لەیس خزعەلی برای و حسێن شەعبی، بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشدی شەعبی و خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی سونەکانی گرتەوە.