کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- کەسوکاری ئەو ژنەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لە ئێران دەرمانخوارد کران و سوتێنران ڕەتیدەکەنەوە گیانی لەدەستدابێت و نوێنەری حکومەتی هەرێمیش لە ئێران دەڵێت، "بەدواداچوونیان بۆ ڕووداوەکە کردووە و چەند کەسێک لەسەر ئەو پرسە دەستگیرکراون." . دوای ئەوەی دەنگۆی گیانلەدەستدانی چیا ناسر، هاوسەری هێمن باقی لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان بڵاوبوویەوە، موحسین باقی، برای هێمن باقی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە و تائێستا چیا لە ژیاندا ماوە، بەڵام تەندروستی ناجێگیرە". . وتیشی، بەگوێرەی پشکنینە پزیشکییەکان، دڵی 1% لێدەدات و جگە لەوەی بەشێکی زۆری جەستەی سوتاوە. . هەر دەربارەی ڕووداوەکە، نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بەدواداچوونمان بۆ ئەو ڕووداوە کردووە و دەزگا ئەمنییەکانی ئێران پێیان ڕاگەیاندووین کە چەند کەسێکیان لەسەر ئەو پرسە دەستگیرکردووە". . وتیشی، ئەوان نوێنەری حکومەت و هاوڵاتیانی هەرێمن لەو وڵاتە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بە سزا گەیاندنی تاوانباران، بەڵام ئەوەش کاری دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانە و ناتوانن تەواوی وردەکارییەکان بخەنەڕوو. . هێمن باقی و چیا ناسری هاوسەری و دایکی چیا کە خەڵکی شاری هەڵەبجەن، دوای ئەوەی بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی ئێرانیان کردبوو، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، لەلایەن چەند کەسیکەوە هێمن باقی و چیا ناسڕ دەرمانخوارد کران و دواتر سوتێنرابوون.