ناس کورد-
سەرۆککۆماری عێراق داوای لە سەرۆکى فراکسیۆنەکانی پەرلەمانى عێراقى کردووە، پابەند بن بەو کاتەی کە دەستور دیاریکردووە بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عیراق.
,
ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە شاری بەغداد پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە سەرۆکانى چەند فراکسیۆنێکى پەرلەمانی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاووتێکرد و ژمارەیەک داواکاریشی ئاڕاستەیان کردووە.
,
بەرهەم ساڵح لە کۆبوونەکەدا داوای لە سەرۆکى فراکسیۆنەکان کردووە "پابەندبن بەو کاتە دەستورییەی بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریکراوە کە جێگای ڕەزامەندی گەلی عێراق بێت".
,
بەگوێرەى ڕاگەیەندراوى وسینگەی سەرۆککۆمارى عێراق، بەرهەم ساڵح ڕایگەیاندووە: "دەبێت کاندیدی سەرۆکی حکومەتی کاتی، کەسێکی نیشتمانی و لێھاتو بێت، کە جێگای ڕەزامەندی گەلی عێراق بێت و توانای جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی ھەبێت، بۆ ئەوەی ڕابسپێردرێت تا ئامادەکاری بکات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی بێگەرد، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکان بە جۆرێک نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانەی گەل و خواستەکانی بکات".
,
بەرهەم ساڵح جەختیشیکردووەتەوە، دەبێت توندووتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران بوەستێندرێت لەجێی ئەوە ڕوبەڕوی سەرپێچیکارانی یاسا ببنەوە.
,
,