ناس کورد-
میدیاکانى ڕوسیا بڵاویانکردەوە، سەدان کەرەستە و کەلوپەلى سەربازى ئەمریکى "ڕەوانەى عێراق کراون"، دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراقیش ڕەتیدەکاتەوە.
.
بەپێی میدیاکانى ڕوسیا، ئەمڕۆ 500 کەرەستەى سەربازى ئەمریکى ڕەوانەى بنکەیەکى سەربازى سەر بەهێزەکانى ئەمریکا لە عەین ئەسەدى شارۆچکەى هیتى سەر بەپارێزگاى ئەنبار کراون.
.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرجەم ئەو کەرەستە و کەلوپەلە سەربازییانە لە ئوردنەوە بەرەو ئەو بنکە سەربازییە گوێزراونەتەوە.
.
دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵەکە، دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕەتیکردەوە هیچ هێزێکى ئەمریکى لەڕێگەى دەروازەکانى خۆرئاواى عێراقەوە هاتبێتنە ناو خاکى عێراقەوە.
.
ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ بەرپرسانى عێراق ئەوەیان ڕاگەیاند، بەموشەکى کاتیۆشا هیرش کراوەتە سەر سەربازگەیەک لەنزیک فڕۆکەخانەى بەغداى نێودەوڵەتى لەشارى بەغداى پایتەخت و بەوهۆیەشەوە شەش سەرباز برینداربوون.
.
پێشتریش ژمارەیەک لەبەرپرسانى ئەمریکا باسیان لە سەرهەڵدانى مەترسی کردبوو بۆ سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لەعێراق، ئەوەش بەهۆى توندبونەوەى ناکۆکییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران لەناوچەکەدا.