کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى کاربەڕێکەرى عێراق داواى لە لایەنە سیاسییەکان کرد پەلە بکەن لەپێکهێنانى حکومەتى نوێ و جەختیکردەوە نایەوێت لەوە زیاتر لەسەرپەرشتىکردنى حکومەتى کاربەڕێکەردا بمێنیتەوە. . نوسینگەى ڕاگەیاندنى عادل عەبدولمەهدى لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لەمیانى کۆبونەوەى سەرۆک وەزیران لەگەڵ باڵیۆزانى وڵاتانى ئەوروپا لەنوسینگەى سەرۆک وەزیران، عەبدولمەهدى داواى لە لایەنە سیاسیەکان کردووە پەلە بکەن لەپێکهێنانى حکومەتى نوێ. . لەبەرامبەر داواکارى باڵیۆزانى ئەوروپا بۆ لێکۆڵینەوە لە بەدادگایی گەیاندنى ئەوانەى دەستیان لەکوشتنى خۆپیشاندەراندا هەیە، عەبدولمەهدى دیپلۆماتکارانى ئەوروپاى دڵنیا کردووەتەوە کە ڕێوشوێنى یاسایى پێویست لەو بارەوە گیراوەتە بەر و پرۆسەکەش بەردەوامە. . لەژێر فشارى خۆپیشاندەرانى عێراقدا کە نزیکەى دوو مانگە خۆپیشاندانیان لەزۆربەى شارەکاندا دەستپێکردووە، عادل عەبدولمەهدى کۆتایی مانگى ڕابردوو دەستى لەکارکێشایەوە و ئێستا وەکو سەرۆک وەزیرانى کاربەڕێکەر ماوەتەوە تا ئەوکاتەى حکومەتێکى نوێ پێکدەهێنرێت.