کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- فوئاد عەبدوڵا
شارەزایەكی جیۆلۆجی ڕایگەیاند، تۆبۆگرافیای هەرێمی كوردستان زۆر یارمەتیدەر و شیاوە بۆ دروستكردنی چەندین بەربەست و بەنداو بۆ گلدانەوەی ئەو ئاوی بارانەی كە ساڵانە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، بەڵام نەتونراوە سودی لێ ببینرێت.
د.پێشەوا محەمەد پسپۆر لە بواری جیۆلۆجی، بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "لەو بارانەی لە کوردستان دەبارێت، تەنها 12%ی دەچێتەوە ژێر زەوی، ئەوی دیکەی بەهەدەر دەڕوات، بەهۆی نەبوونی بەربەست و بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاوی باران و لافاو لە وەرزی زستاندا".
ئەو شارەزای جیۆلۆجییە بیرۆکەیەکی دیکەی زانستی پێشنیار دەکات بۆ گلدانەوەی ئاو، کە لە بەنداوەکان ئاسانتر و کەمتریشی تێدەچێت، ئەویش بریتییە لە كۆكردنەوەی ئاو لە ژێر زەوی لە ڕێگای 'بیری پسپۆڕی' کە بە فشار و لەڕێی 'حەقن'وە ئاوەکە دەخرێتە ژێر زەوییەوە.
لە بارەی گونجاویی تۆبۆگرافیای هەرێمی کوردستانەوە بۆ سودوەرگرتن لە ئاوی باران و لافاو، د.پێشەوا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، تۆبۆگرافیای هەرێمی کوردستان زۆر لەبارە بۆ گلدانەوەی ئاوی باران لە ڕێی دروستکردنی بەنداو و بەربەستەوە.
لە هەرێمی کوردستان 15 بەنداو ھەیە کە توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێ جا ئاویان ھەیە، بەنداوی دوکان و بەنداوی دەربەندیخانیش بە دوو گەورەترین بەنداو هەژماردەکرێن.
پێشتریش لە ساڵی 2011دا حکومەتی هەرێم دیزانی چەند بەنداوێکی دانا و بەشێکیشیان بودجەیان بۆ تەرخانکرا و چونە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام زۆربەیان کارکردن تیایاندا وەستاوە، لە ئەگەری تەواوبوونیاندا توانای گلدانەوەی سەدان ملیۆن مەتر سێ جا ئاویان هەیە.