ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى، لە پۆستى سەرۆکوەزیرانى عێراق تێدەپەڕێت و هێشتا لایەنە سیاسیەکان نەیانتوانیوە کۆدەنگییەک دروست بکەن بۆ دانانى کەسێک بە سەرۆکوەزیرانى نوێى عێراق و لێرە و لەوێش باس لە دەستوەردانى دەرەکى دەکرێت لەو دۆسیەدا.
.
بەوتەى راوێژکارێکى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، هەر هەوڵدانێکى لایەنى دەرەکى بۆ سەپاندنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، لەسەر دیواری ڕەتکردنەوەی خۆپیشاندەران دەشکێت و پوچەڵ دەبێتەوە.
.
شوان داودی، ڕاوێژکاری سەرۆکى پەرلەمانی عێراق، بە ناس کوردی ڕاگەیاند :"عێراق لە ئێستادا بووە بە دوو بەرەوە، بەرەیەکیان خۆپیشاندەران نوێنەرایەتی دەکەن بەرەکەی دیکەشیان لایەنە سیاسیەکانی عێراق بەرجەستەی دەکەن".
.
وتیشی، تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە کێ توانای ئەوەی هەیە لەداهاتوودا سەرۆکوەزیرانى عێراق دابنێت.
.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە ناتوانرێت بە ئاسانی سەرۆک وەزیران دابنرێت، بەوپێیەى خۆپیشاندەران ڕۆڵی باڵایان دەبێت لە ڕەتکردنەوەی هەر سەرۆکوەزیرانێک بە دڵی ئەوان نەبێت.
.
لایەنە سیاسیەکانى عێراق نکۆڵى لە دەستوەردانى دەرەکى ناکەن بۆ دەستنیشانکردنى سەرۆکوەزیرانى دڵخوازى خۆیان، بەڵام روونیدەکەنەوە ئەو کارە بەبێ تەوافوقى سیاسى و کۆدەنگى لایەنە سیاسیەکان، ناچێتە سەر.
.
جەمال محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بۆ ناس کوردی روونکردەوە "ئەگەر لایەنی دەرەکی کەسایەتییەکی گونجاو پێشنیازبکات بۆ لایەنە سیاسییەکان بەمەرجێک ئەو کەسایەتییە ئەو خاڵبەندییانەی تێدا بێت کە خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێت، کارێکی خراپ نییە".
.
بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، تائێستا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کەسایەتی "محەمەد بەحرعلوم" خراوەتە بەرباس کە لە دەرەوەی وڵاتە، بەڵام ئەویش لەلایەن بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکانەوە ڕەتکراوەتەوە.
.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوه تا ئێستا خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بەڕێودەچێت و بەگوێرەى دواین ئامار که کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویكردووهتهوه، ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بوونەتە قوربانی، زیاتره لە 500کوژراو و 20 هەزار بریندار.
.
لەئاکامی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانیش، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە 29ى تشرینی دووەمی، 2019 نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە پەرلەمانی عێراق کرد و پەرلەمانیش لە ١ی کانوونی یەکەم بە کۆی دەنگ دەستلەکارکێشانەوەکەیان پەسەند کرد.
.