کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەوی ڕابردو ژمارەیەک چەکداری نەناسراو دەستڕێژی گوللـەیان لە خۆپیشاندەرانی شاری بەغدا کرد و بە گوێرەی دواین ئاماریش بەو هۆیەوە 23خۆپیشاندەر کوژران و نزیکەی 127 کەسی دیکەش برینداربوون. . بەگوێرەی میدیا عێراقیەکان هێزێکی نەناسراو تەقەی لە خۆپیشاندەران کردووە لە هەردوو گۆڕەپانی خەلانی وسینەک کە دەکەونە بەشی ڕەسافەی شاری بەغداوە. . دوابەدوای ڕووداوەکەی دوێنی شەو، ئەمڕۆ (شەممە) باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕاگەیاندراوێکی لەسەر ڕوداوەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "دەبێت ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە دەستگیر بکرێن". . لەڕاگەیاندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەخت لەوەکراوەتەوە کە ئەرکی حکومەتە خۆپیشاندەران بپارێزێت و ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە دەبێت بە زووترین کات ڕادەستی یاسا بکرێن. . هاوکات ستیڤن هێکی، باڵۆێزی بەریتانیا لە عێراق، لەڕاگەیاندراوێکدا سەرکۆنەی ڕوداوەکەی گۆڕەپانی "خەلانی و سنەکی" کرد لە شاری بەغدا داوایکرد حکومەتی عێراق ئەرکی لەپێشینەی هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاریکردن بێت لە خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان بە هەندیش وەربگرێت و ڕێکاری یاسایی بگرێتە بەر بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە ئەم کارەیان کردووە. . تورکیاش لەلای خۆیەوە لەسەر زاری باڵوێزەکەی لەبەغدا، فاتیح یەڵدز، نیگەرانی و هاوخەمی وڵاتەکەی لەسەر ڕووداوەکەی دوێنی شەو دەربڕی، لە تویتێکدا ئاماژەى بەوە کرد :" ئەوەی لە بەغدا ڕوویدا زۆر خەمباری کردم، نەک و ەک نوێنەرێکی وڵاتێکی هاوڕێ بەڵکو وەک مرۆڤێک وەک هاوڵاتییەکی شاری بەغداد". . کوشتنی خۆپیشاندەرانی هەردوو گۆڕەپانی خەلانی و سینەک لە شاری بەغدا، یەکێتی ئەوروپاشی هێنا سەرخەت، ئەمڕۆ، مارتن هۆس، باڵیۆێزی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا ئەو ڕووداوەی بە توندی ئیدانە کرد وتی:"ئەوانە تاوانی کۆشتنن"، جەختیشی کردەوە، خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان دەبێت مافی ئەوەیان هەبێت بەبێ ترس بۆچونی خۆیان دەربڕن. . دواى ڕووداوەکانى شەوى ڕابردووى گۆڕەپانى سەنەک لە بەغدا سەرلەبەیانى ئەمڕۆ (شەممە) بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ناوچەى "حەنانەى نەجەف" کە شوێنى مانەوەى موقتەدا سەدرە. . جەعفەر موسەوى وتەبێژى موقتەدا سەدر دوای هێرشەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد ،"ئامانج لەو کارانە کوشتنى پڕۆژەى چاکسازیی و ڕازیبوونە بە کاندیدى سەرۆک وەزیران، بە پێچەوانەى داواکارى خۆپیشاندەران و لە گۆڕەپانەکانى خۆبەختکردن". . لاى خۆشیەوە، گروپى سەرایا سەلام سەر بە موقتەدا سەدر هەڕەشەى وەڵامى پێشبینینەکراوى کرد، دژى ئەو کەسانەى تێوەگلاون لە هێرشکردنە سەر شوێنى مانەوەى موقتەدا سەدر. . گروپەکە لە راگەیەندراوەکە ئاماژەى بەوە کرد"لەکاتێکدا داواى دانبەخۆداگرتن دەکەین، ڕایدەگەیەنین کە وەڵامى پێشبینینەکراومان دەبێت بۆ هەر کەسێک ئەگەر دەربکەوێت کە لەو ڕووداوەدا تێوەگلاوە". . لە هەنگاوێکیشدا بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران ئەمڕۆ، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوی شاری بەغدا دەکەن، کە دەستڕێژی گولـلە لە خۆپیشاندەران کرا و بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژران. . وتیشی، لەمەودوا پەرژینی ئەمنی لە چوار دەوری خۆپیشاندەران دروستدەکەن. . هەربە هۆی ڕووداوەکەی دوێنی شەوی ڕابردووەوە بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق کۆبونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی ڕووداوەکانی دوێنێ شەوی ڕابردووی خۆپیشاندەران ئەنجام دەدات. . بە گوێرەی زانیارییەکانیش، پەرلەمان لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا و بەشێک لە پارێزگاکاندا کۆدەبێتەوە. . لە سەرەتای تشرینی یەکەمی ڕابردوودا خۆپیشاندان لە بەغدا و هەندێک پارێزگای دیکەی عێراق دەستیپێکرد و بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان و زیادبوونی ژمارەی کوژراو و برینداران وایکرد، عادل عەبدولمەهدی بڕیار بدات دەستلەکار بکێشێتەوە. . ڕۆژی 1ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی پەسندکرد و ئێستاش هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران چڕکراونەتەوە. .