گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

داوا دەكرێت نەوت و داهاتی هەرێم رادەستی بەغدا بكرێت

پەرلەمانتارێكی عێراق بۆ ناس كورد: موچەی فەرمانبەران لە بودجەدا مسۆگەر كراوە

2019.03.27 - 14:57
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێكی عێراق بۆ ناس كورد: موچەی فەرمانبەران لە بودجەدا مسۆگەر كراوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- شەهرام عەزیز


بەهۆی رادەستنەكردنی نەوت و داهاتی خاڵە گومرگییەكانی هەرێم بە بەغدا، پرسی بڕینی بودجەی هەرێم لە ناو هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەراندا سەری هەڵداوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایش ڕەتیدەكاتەوە ئەمساڵ ترس لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەبێت.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "بوونی ترس لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستییەوە و موچەی فەرمانبەران لە بودجەدا مسۆگەر كراوە و بووە بە یاسا".

بەپێی یاسای بودجەی 2019ی عێراق، لە بەرامبەر ناردنی پشكی هەرێم كە بە %12.67 دیاریكراوە، پێویستە هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات، هاوكات داهاتی ناوخۆ و خاڵە گومرگییەكانی هەرێم بگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەگەرچی بەغدا موچەی سێ مانگی هەرێمی بەپێی بودجە ناردووە، بەڵام هەرێم تاوەكو ئێستا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ڕادەستكردنی نەوت ڕانەگەیاندووە و نەوتی ڕادەستی بەغدا نەكردووە.

هەر بەپێی یاسای بودجە، ئەگەر هەرێم نەوت و داهاتی خاڵە گومرگیەكان ڕادەست نەكات ئەوا بەغدا تەنها موچەی فەرمانبەران دەنێرێت كە مانگانە دەگاتە 522 ملیار دینار.
جەمال كۆچەر روونیدەكاتەوە كێشەكە لە ساڵی 2020 دەستپێدەكات و وتی "ئەگەر ئێستا هەرێم پابەندی یاسای بودجە نەبێت و نەوت و داهاتی خاڵە گومرگییەكان ڕادەستی بەغدا نەكات، ئەوكات ئێمە چۆن بتوانین لە ساڵی 2020-یش بەهەمانشێوە موچەی فەرمانبەران مسۆگەر بكەین".

بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە ئەگەر هەرێم ئەمساڵ پابەندی یاسای بودجە نەبێت، ساڵی داهاتوو كێشەی گەورە دروست دەبێت و ئەستەمە بتوانرێت ئەوەی ئەمساڵ كردوویانە ساڵی داهاتوو دووبارە هەمان كار بكەنەوە و بەغدا ڕازی بكەن موچەی فەرمانبەران بنێرێت.

بەپێویستیشی دەزانێت حكومەتی هەرێم مامەڵەیەكی باش لەگەڵ بەغدا بكات و نیەت پاكی خۆی بسەلمێنێت و پابەندی یاسای بودجە بێت و بچن لە بەغدا گفتوگۆ بكەن سەبارەت بە كێشەكانی نێوانیان، بۆ ئەوەی ساڵێكی دیكە دووچاری هەمان گرفتی ئەمساڵ و خراپتریش نەبنەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا بەپێی رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و بەغدا پێناسەی گومرگیی هەرێم و بەغدا یەكخران و بەپێی یاسای بودجەش پێویستە هەرێم داهاتی خاڵە گومرگییەكان ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵام تاوەكو ئێستا هەرێم پابەندی ئەوە نەبووە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بە ناس كورد-ی وت "ئەو رێككەوتنەی لە ڕابردوودا لە نێوان هەرێم و بەغدا كراوە، تەنها تایبەت بووە بە یەكخستنی پێناسەی گومرگیی و باس لە ڕادەستكردنی داهاتی خاڵە گومرگییەكان نەكراوە و پێویستە هەرێم و بەغدا لەو بارەیەوە ڕێككەوتنی دیكە ئەنجام بدەن".