ناس کورد-
سەدان خۆپیشاندەر ئەمڕۆ چوونە گۆڕەپانى تەحریر لە ناوەڕاستى بەغدا، دواى شەوێکى خوێناوى کە بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژران و برینداربوون.
.
پەیامنێرى ناس لە بەغدا ڕایگەیاند، لە سەرلەبەیانى ئەمڕۆوە سەدان هاوڵاتى چونەتە گۆڕەپانى تەحریر، بە ئامانجى بەردەمیدان بە خۆپیشاندان و کاراکردنەوەى چالاکییەکان بەشێوەیەکى گەورە.
.
وتیشى "خۆپیشاندەران دەستیان کردووە بە پاککردنەوەى گۆڕەپانەکە و لابردنى پاشماوەى گرژییەکانى شەوى ڕابردوو، لەهەوڵدان پەیوەندى بە لایەنە ئەمنییەکانەوە بکەن بۆ زانینى چۆنیەتى چوونە ناوەى تەقەکەران بۆ ناو گۆڕەپانەکە".
.
لاى خۆیەوە، قەیس خەزعەلى ئەمیندارى گشتى عەسائیبى ئەهلى حەق هۆشداریدا لە ڕوودانى "فیتنە" لە عێراق و جەختیکردەوە پێکدادانى چەکدارى کارێکى ڕەتکراوەیە، کارە ڕاستەکە کشانەوەى چەکدارەکان و ڕادەستکردنى بارودۆخەکەیە بە هێزە ئەمنییەکان تا بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
.
شەوى ڕابردوو ژمارەیەک چەکدارى نەناسراو بۆ ماوەى زیاتر لە دوو کاتژمێر تەقەیان لە خۆپیشاندەرانى گۆڕەپانى سنک کرد لە بەغدا، بەهۆیەوە سێ هاوڵاتى مەدەنى کوژران و 34 ى دیکەش برینداربوون.
.
دواى نزیکەى سێ کاتژمێر لە ڕووداوەکە، وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوى هێرشکردنە سەر گۆڕەپانى سنک لە بەغدا دەستپێکردووە.
.
خالید محەنا وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە لە ڕووداوى تەقەکردن لە دەوروبەرى ناوچەى سنک ل بەغدا، کە بەهۆیەوە سێ هاوڵاتى مەدەنى کوژران و 34 ى دیکەش برینداربوون.
.
وتیشى “هێزە ئەمنییەکان چواردەورى شوێنەکەیان گرتووە و بەدواى ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە تەقەیان کردووە”.