کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شیرین کاوە گەرمیانی، ڕۆژێک پێش ساڵیادی شەهیدکردنی هاوسەرەکەی نوسینێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: "ئازیزی من دەبێت چ لەوە پیرۆزتر بێت کە بە سادەیی ژیای و بە گەورەیی مردیت، پیرۆزت بێت تاجی پادشایەتیی قەڵەمەکان، دەک ڕسوابن جەلاد و خوێنمژانی دەنگ و ڕەنگی ئازادیخوازان". , شیرین ئەمین، هاوسەرى شەهید کاوە گەرمیانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نوسینێک و وێنەی ماڵەکەی خۆی و کاوە گەرمیانی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی: "ئالەم کۆشکەدا ھەموشەوێک تا بەیانی عیشق ئاوازی بۆ خۆشەویستیمان دەچڕی، ڕۆژ تا ئێوارە وشەمان دەکردە دەستە گوڵی بەھار و لە یەخەی یەکترمان دەدا، دەزانن سەختی ژیان ئێمەی لە ئومێدی گێڕانەوەی چیرۆک بۆ ئامەد وەڕس نەکردبو". , هاوسەرەکەی شەهید کاوە گەرمیانی، کە ئێستا پەرلەمانتارە لە فراکسیۆنی گۆڕان و سەرۆکی لیژنەی دەستپاکییە لە پەرلەمانی کوردستان پرسیویەتی: "ئەرێ کاوە نەیدەتوانی بە پیاھەڵدان بەسەر بەژنی بەرپرسان و بە پاروی چەور ئامەد گەورە بکات؟". , "کاوە لەکەس نەدەچوو، نە لە ڕەنگی مرۆڤەکان، نە لە بۆنی پارە، نە لە تامی ھیچ خوان و خواردنەوەیەک، بەڵام کاوە بە قەڵەمێکی نوک تیژەوە سەنگەری لە جەلادەکان گرتبو، کاوە بۆخۆی نەژیا، خەمی گەرمیانی ھەڵقرچاو لە ئەنفال، خەمی سەدەھا گەنج و پیر و لاوی ھەڵگرتبو، کاوە لەو کوخەدا شەوان خەوی لەچاوی دەیەھا بەرپرسی نێو کۆشکەکان دەھەژاند و لەنێو تاکە ژورێکی وێران و پەنجەرەى ڕزیو دەیان ھەواڵی دەگەیاندە میدیاکان و پەردە ڕەشەکانی سەر ژیانی جەلادەکانی ھەڵدەدایەوە، کاوە لێرە بە مەردی ژیا، نە ژیانی و نە قەڵەمەکەی نەفرۆشت"، شیرین کاوە گەرمیانی وای نوسیوە.