گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى ڕاپۆرتى لەکارخستنى ترەمپ بەڵگەى حاشاهەڵنەگر لەدژى کۆکراوەتەوە

2019.12.04 - 12:26
ناوەڕۆکى ڕاپۆرتى لەکارخستنى ترەمپ  بەڵگەى حاشاهەڵنەگر لەدژى کۆکراوەتەوە
ناس کورد – ئەنجامى ڕاپۆرتێک کە ئەنجومەنى نوێنەران کردویەتى لەدژى دۆناڵد ترەمپ دەریدەخات کە "بەڵگەى گەورە" لەسەر ترەمپ کۆکراونەتەوە کە دەبێتە هۆى لەکارخستنى. . ئەمڕۆ، چوارشەممە، 4ی کانونی یەکەمی 2019، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ڕاپۆرتی لیژنەیەکی تایبەتمەندی خۆیی دەربارەی لێکۆڵینەوە لە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکردەوە و تیایدا بەڵگەی توند لەسەر ترەمپ کۆکراوەتەوە. . بەپێی ڕاپۆرتەکە "دۆناڵد ترەمپ لە سێ ساڵی ڕابردووی سەرۆکایەتییەکەیدا پۆستەکەی لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەکارهێناوە، هەروەها بەربەست و لەمپەڕی گەورەشی لەبەردەم کارەکانی کۆنگرێس دروستکردوە و لەمێژوی ئەمریکادا هیچ سەرۆکێک نەبوە هێندەی دۆناڵد ترەمپ لەمپەڕی دروست کردبێت بۆ کارەکانی کۆنگرێس ". . ئەوەش خراوەتەڕوو "دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتییەکەی و حکومەت و پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی وڵاتەکەمان بۆ دروستکردنی پەیوەندی تایبەتی و بازرگانی بەکاردەهێنێت". . لیژنەکەى کۆنگرێس ئاشکرایکردووە "لیکۆڵینەوەیەکی تایبەت هەیە لەسەر دۆناڵد ترەمپ دەربارەی کۆبوونەوە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا کە گومان دەکریت هەردووکیان بازرگانیان بەو سیاسەت و پەیوەندییانەوە کردبێت کەلەنێوانیان وڵاتەکانیان هەبووە و پێکەوە بەنهێنی گرێبەستی بازرگانیان واژۆ کردبێت". . هاوکات، ستیڤان گریشام وتەبێژی کۆشکی سپی بە فرانس پرێسی وتووە "ئەو ڕاپۆرتەی کۆنگرێسی ئەمریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە نوسراوە تەنها بۆ دژایەتی سەرۆک ترەمپە و هیچ بەڵگەیەکیان پێنیە بەڵکو شەڕێکی حزبییە کە دژی سەرۆک ئەنجام دەدەن". . بڵاوکردنەوەى ئەو ڕاپۆرتەکە لەچوارچێوەى هەوڵەکانى ئەنجومەنى نوێنەراندایە بۆ لێپرسینەوە لە ترەمپ، لە دۆسیەى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى لەگەڵ سەرۆکى ئۆکرانیا. . هەوڵەکان دواى تۆمارکردنى سکاڵایەک هات لەبارەى پەیوەندییەکى تەلەفۆنى نێوان ترەمپ و سەرۆکى ئۆکرانیا کە لە 25ى تەمموز ئەنجامدراوە. . ئەو سکاڵایە پاڵى بە دیموکراتەکانەوە نا کە کۆنتڕۆڵى ئەنجومەنى نوێنەرانیان کردووە دەست بە هەوڵەکانیان بکەن بۆ لێکۆڵینەوە بە تۆمەتى بەکارهێنانى خراپى دەسەڵات لەلایەن سەرۆکەوە. . ئەنجامى لێکۆڵینەوەکە بڕیاردەدات لەبارەى ئەوەى کە ئایا تۆمەتبارکردنى ترەمپ لە ئەنجومەنەکە بخرێتە دەنگدانەوە یان نا تا دواتر پرسەکە رەوانەى ئەنجومەنى پیران بکرێت، کە دەتوانێت ترەمپ تۆمەتبار بکات و لەکارى بخات، یان بێبەرى بکات لەو تۆمەتە.