گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێتێگەیشتن نەک ڕێککەوتن

ناس کورد ئەنجامى هەوڵەکانى مەزڵوم کۆبانێ بۆ دروستکردنى یەکڕیزیى لە رۆژئاواى کوردستان ئاشکرادەکات

2019.12.03 - 17:56
App store icon Play store icon Play store icon
ناس کورد ئەنجامى هەوڵەکانى مەزڵوم کۆبانێ بۆ دروستکردنى یەکڕیزیى لە رۆژئاواى کوردستان ئاشکرادەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد –   هەوڵەکانى مەزڵوم کۆبانێ بۆ دروستکردنى یەکڕیزیى لە ڕۆژئاواى کوردستان تا ئێستا تەنها لە ئاستى لێکتێگەیشتندا ماونەتەوە و نەگەیشتوونەتە ئاستى ڕێککەوتن، نوێنەرایەتی ڕۆژئاواش ئەنەکەسە بە "پاشگەزبوونەوە" هەڵوێستەکانیان تۆمەتباردەکات. . مانگى ڕابردوو مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، دەستپێشخەرییەکى بۆ یەکڕیزیى لایەنەکانى ڕۆژئاواى کوردستان ڕاگەیاند و لەگەڵ ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردستان لە سوریا (ئەنەکەسە) کۆبووەوە. . ئەمڕۆ سێشەممەش شاندێکی ئەنەکەسە، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبوونەوە و دوێنێش، هەمان شاند لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و دوایین گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان تاوتوێکرد. هەروەها پێشتر شاندێکی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە لەشاری قامیشلۆ لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم کۆبانی هاوسەرۆکی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە کۆبوونەوە. . نیعمەت داود، ئەندامی سەرکردایەتى ئەنەکەسە بە ناس کوردی ڕاگەیاند "لە کۆبوونەکەماندا لەگەڵ مەسعود بارزانی باسمان لەو ڕوداوانەی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە و ئەویش هەڵوێستی خۆی دەربارەی ڕووداوەکان دەربڕی، داوایکرد لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوا یەکڕیز بن". . دەربارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم، نیعمەت داود ئاماژەی بەوەدا، لەو کۆبوونەوەیەدا هیچ ڕێککەوتنێک ئەنجام نەدراوە و دواتریش کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ نوێنەری جەنەڕاڵ مەزڵومیش ئەنجامداوە لەسەر دۆخی ڕۆژئاوا "هیچ کام لەو کۆبوونەوانە ڕێککەوتنی تێدانەکراوە، بەڵام هەندێک لێکتێگەیشتن لەنێوانمان هەبووە". . لە ڕۆژئاواى کوردستان زیاتر لە 30 حزبى سیاسی بونیان هەیە، کە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، نزیکەى 10 حزبیان سەر بە ئەنجومەنى نیشتیمانى کورد (ئەنەکەسە) و دان بە ئیدارەى ڕۆژئاواى کوردستاندا نانێن و بارەگاشیان لە ڕۆژئاوا نییە، حزبەکانى دیکەش سەر بە بزووتنەوەی جڤاتی دیموکراتیک (تەڤدەم) ن و پشتیوانى لە ئیدارەى ڕۆژئاوا دەکەن. ئەو دوو بەرەیە ساڵانێکى زۆرە ناکۆکى قوڵ لەنێوانیاندا هەیە و لەسەر زۆربەى پرسەکان ناکۆکن و هەریەکەیان مەرجى خۆیان هەیە بۆگەیشتن بە رێککەوتن. . دیارترین مەرجەکانى ئەنەکەسە بریتین لە ئازادکردنى زیندانییە سیاسییەکان، کۆتایی هێنان بە خزمەتى سەربازى زۆرەملێ، دروستکردنى هێزێکى نیشتیمانى، لەبەرانبەریشدا تەڤدەم چەند مەرجێکى هەیە کە دیارترینی بریتیییە لە پچڕانى پەیوەندى ئەنەکەسە لەگەڵ تورکیا و ئۆپۆزسیۆنى سوریا. . فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی دەستەی نوێنەرایەتی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ئەو کۆبونەوەیەی سەرەتا شاندەکەی ئەنەکەسە لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم ئەنجامیانداوە لە قامیشلۆ باش بووە و لێکتێگەیشتنی باش هەبووە، شاندەکەی ئەنەکەسەش قسەی باشیان کردووە، بەڵام دوای کۆبوونەوەکە پەشیمان بونەتەوە و هەڵوێستەکانیان پێچەوانە بوەتەوە". . وتیشى "ئەنەکەسە بڕیاری لەلای خۆی نییە بەڵکو بڕیارەکانی لای بارزانییە و ناتوانن بەبێ ئەو بڕیار بدەن، تا ئێستا هیچ ڕیککەوتنێک لەنێوان ئەنەکەسە و هەسەدە نەکراوە". . هەوڵەکانى مەزڵوم کۆبانێ بۆ یەکڕیزى لە ڕۆژئاواى کوردستان هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامى هێرشەکانى تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیان بۆ سەر ناوچەکانى رۆژئاواى کوردستان و دەستبەسەرداگرتنى بەشێک لەو ناوچانەى پێشتر بەدەست هەسەدەوە بوون.