کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- چەکدارانى داعش لە سنورى سێ پارێزگا هێرشیان کردە سەر پێگەکانى حەشدى شەعبى، شارەزایەکى ئەمنیش دەڵێت داعش دەیەوێت دۆخى ئێستاى عێراق بقۆزێتەوە. . سەرچاوەیەکى ئەمنى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، چەکدارانى داعش ئێوارەى دوێنێ و بەرەبەیانى ئەمڕۆ، هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانى حەشدى شەعبى لە دیالە و ئەنبار و سەڵاحەدین، بەهۆیەوە شەش چەکدارى حەشد کوژراون و حەوتى دیکەش برینداربوون. . وتیشى "هێرشەکەى داعش لە دیالە، بۆ سەر لیواى 20 ى حەشدى شەعى بووە لە ناوچەى نەفتخانە، کە بەهۆیەوە چوار کەس کوژران و پێنجى دیکەش برینداربوون". . سەرچاوەکە باسى لەوەشکرد، چەکدارانى داعش هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکى پشکنینى حەشدى شەعبى لە ناوچەى کەرمەى سەر بە پارێزگاى ئەنبار، بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە. . ئەوەشى خستووەتەڕوو، هێرشى سێیەمى داعش بۆ سەر حەشدى شەعبى لە قەزاى بەلەدى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدین بووە، کە بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و دوانى دیکەش برینداربوون. . هیشام هاشمى شارەزاى ئەمنى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، هێرشەکانى داعش لەمکاتەدا، شتێکى سروشتییە، لەبەرئەوەى ئەو ڕێکخراوە چاودێرى دۆخى ناوخۆیی عێراق دەکات و دەیەوێت بیقۆزێتەوە و هێرشبکاتە سەر هەندێک لە ناوچەکان.