گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەلە بکەن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، چونکە دۆخەکە سەقامگیر نییە

ناس کورد داوایەکى بەرهەم ساڵح لە شاندى دانوستانکارى هەرێم ئاشکرادەکات

2019.12.01 - 22:47
App store icon Play store icon Play store icon
ناس کورد داوایەکى بەرهەم ساڵح لە شاندى دانوستانکارى هەرێم ئاشکرادەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز   کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لە بەغدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کۆتایی هات و تیایدا بەرهەم ساڵح داوای لە شاندەکەی حکومەتی هەرێم کردووە پەلە بکەن لە گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی، بۆ ئەوەی بەڵگەیەک بێت بەدەست هەرێمەوە. . دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندى حکومەتى عێراق بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنى نێوانیان، ئەمشەو شاندەکە لەگەڵ سەرۆک کۆمارى عێراق کۆبوونەوە. . سالار مەحمود، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دوایین گۆڕانکارییەکان و گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا لەبارەی پرسی بودجە و نەوتەوە". . وتیشی "سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە شاندەکەی هەرێم کردووە، پەلە بکەن لە گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسی بودجە و نەوت، چونکە دۆخی عێراق سەقامگیر نییە، بۆیە لەکاتی واژووکردنی ڕێککەوتندا، بەڵگە و سەنەدێک دەبێت بەدەست هەرێمەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی". . ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک کۆمار وەک لایەنێکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، چاودێری ڕێککەوتنەکان دەکات و داواشیکردووە، هەرێم پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکان و ڕادەستکردنی نەوت، هەروەها بەغداش پابەند بێت بە پێدانی مافە دارایی و دەستورییەکانی هەرێم و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لە مافەکانیان بێبەش نەبن. . هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا چەند مانگێکە سەرقاڵى دانوستانن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر نەوت و بودجە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنى کۆتایی. . خالید شوانی، ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند، سبەینێ دوبارە هەردوو شاندەکە کۆدەبنەوە و بە “ئەگەرێکی زۆرەوە” ڕێککەوتنی کۆتایی واژۆدەکرێت.