گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمساڵ دوو حاڵەتی نوێی نەخۆشی ئایدز لە هەرێم تۆمار کراون

2019.12.01 - 11:24
ئەمساڵ دوو حاڵەتی نوێی نەخۆشی ئایدز لە هەرێم تۆمار کراون
ناس کورد- بەپێی ئاماری وەزارەتى تەندروستی، ئەمساڵ دوو حاڵەتی نوێی نەخۆشی ئایدز لەناو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و پەیامێکیش ئاڕاستەى هاوڵاتیان دەکات. . محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتى تەندروستی هەرێم بە ناس کوردی وت، "لە ساڵی 1986ەوە تاوەکو 2018، 35 حاڵەتی نەخۆشییەکە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کە 26 دانەیان لە ڕەگەزی نێرن و نۆ دانەشیان مێن کە بە بەردەوامی لەژێر چاودێری پزیشکین و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت. . وتەبێژی تەندروستی زانیاری زیاتری نەدا لەبارەى جۆر و دۆخی ئەو دوو توشبووە نوێیە بەڵام ڕایگەیاند، هەر ئەمساڵ 41 بیانی بەهۆی هەڵگرتنی ڤایرۆسەکەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. ئاماژەى بەوەشکرد، ساڵانە زیاتر لە 350 هەزار پشکنینی ڤایرۆسی ئایدز لە هەرێم ئەنجامدەدرێت، هەموو بیانییەکان کە دێنە هەرێم پشکنینیان بۆ دەکرێت." . ئەمڕۆ 1ی کانونی یەکەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشی ئایدزە لە جیهاندا و وەزارەتی تەندروستی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و هانی هاوڵاتیان دەدات بۆ ئەنجامدانی خۆویستانەی پشکنینی ئایدز تاوەکو دڵنیا بن لە سەلامەتییان. . هەروەها داوا لە خەڵکی دەکات دوربکەونەوە لە ڕەفتارە مەترسیدارەکان وەک کاری سێکسی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرگیری، دوورکەوتنەوە لە تاتۆکردن، بەکارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو، هەروەها دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان. . لە جیهاندا 37.9 ملیۆن هەڵگری ڤایرۆسی کەمی بەرگریی لەش (ئایدز) هەن و ساڵانە نزیکەى یەک ملیۆن کەس دەکوژێت و نزیکەى دوو ملیۆنیش وەک توشبووی نوێ تۆمار دەکرێن. . لە پەیامەکەى وەزارەتى تەندروستی هەرێمدا هاتووە، "هەرچەندە تائێستا ئایدز چارەسەری بنبڕکەری نییە بەڵام دەرمانی دژە ئایدزی زۆر کاریگەر هەن کە دەتوانن بە تەواوی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن کە ژیانێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی تر بژی کە ئەوەش دەسکەوتێکی پزیشکی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئەیدزی ڕزگارکرد بەجۆرێک بەکارهێنانی دەرمان ڕێژەی مردنی 56% کەمکردووەتەوە، هەروەها هۆکاری کەمبونەوەی لە 40%ی تووشبوی نوێیە چونکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لە نەخۆشی ئایدز."