گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەلتەمەر و عەین عیسا لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە دەمێننەوە

مەزڵوم کۆبانێ: لەئێستادا هەسەدە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی حکومەتی سوریا

2019.11.30 - 22:36
مەزڵوم کۆبانێ: لەئێستادا هەسەدە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی حکومەتی سوریا
ناس کورد- فەرماندەی گشتى هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕایگەیاند، تورکیا بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستەی کە لەگەڵ ئەمریکادا واژووی کردوە، ڕوونیشکردەوە، هەردوو شارۆچکەی "تەلتەمەر و عەین عیسا" لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەمێننەوە و بەهیچ شێوەیەک ڕادەستی حکومەتی سوریا و سوپای ڕوسیای ناکەن. . ئەمڕۆ (شەممە،30ى تشرینی دووەمی ،2019)، مەزلووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتى هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە، ڕایگەیاند:" تورکیا بەردەوامە لەسەر پێشێلکردنی ئاگربەستەکەی کە لەگەڵ ئەمریکا واژووی کردبوو، بەردەوامیش تورکیا و میلیشاکانی هێرش دەکەنە سەر هەردوو شارۆچەکەی" تەلتەمەرو عەین عیسا". . وتیشی:" تورکیا دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت بەکرێگیراوەکانی بگەڕێنێتەوە هەردوو شاری" ئەعزاز و ئیدلب". . دەربارەی دواین شەڕەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و میلیشیاکانی تورکیا لە هەردوو شارۆچکەی" تەلتەمەر و عەین عیسا"، کۆبانێ روونیکردەوە :" شەڕەکە لەئێستادا قەتیس بووە لەسەر ڕێگەی نێودەوڵەتی  M4، ئەو ڕێگایەش بەشێکی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەو سوپای سوریادایە و بەشەکەی دیکەش لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادا، پێشنیازیشمان کردووە هەموو هێزەکان بە دووری 33 کیلۆمەتر لەو ڕێگایە دووربکەونەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن بەئاسوودەیی ئەو ڕێگایە بەکاربهێنن". . کۆبانێ، ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەردوو شارۆچکەی، عەین عیساو تەلتەمەر، لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەمێنێتەوە بە هیچ شێوەیەکیش ڕادەستی هێزەکانی ڕژێمی سوریا و سوپای ڕوسیا ناکەن. .   سەبارەت بەوەی ئایا تاچەند  ئاگربەستەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەری هەیە بەردەوام بێت و هەڵنەوەشێتەوە، کۆبانێ وتی:"ئەردۆگان کۆمەڵێک ئەجندای داگیرکاری هەیە، هەوڵدەدات هەموو  ناوچەکە داگیر بکات، ئەمەش بۆ خۆی مەترسی لەسەر بەردەوامبوونی ئاگربەستەکە دروستدەکات". . وتیشی:" دەبێت موسکۆ و واشتنتۆن بە شێوەیەکی بەهێزتر فشاری خۆیان بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بەردەوام بێت و هەڵنەوەشێتەوە". . لەبارەى نەخشەى بڵاوبوونەوەی هێزە سەربازییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و تەمومژاوى ئەو هێزانە، فەرماندەى گشتى هەسەدە روونیکردەوە "وێنەکە بۆ ئێمە زۆر ڕوونە، ڕێککەوتنمان لەگەڵ هەموو هێزەکاندا هەیە تەنها تورکیا نەبێت". . وتیشی:" هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە سەر داواکاری ئێمە لە سنوری نێوان تورکیا و سوریا لەناوچەی "بابەوە تا ڕووباری دیجلە" بڵاوەیان پێکراوە،  لەئێستاشدا هیچ بەرکەوتنێک لەنێوان ئێمە و سوپای تورکیادا لەو ناوچەیەدا نییە". . کۆبانێ ئاماژەی بەوەکرد، ناوچەکانی منبچ، جەزیرە و کۆبانێ، لەلایەن گەڕی هاوبەشی هێزەکانی  ئاسایشی ڕۆژئاوا و هێزەکانی ڕوسیاوە دەپارێزرێت و ناوچەکانی خۆرهەڵاتی قامیشلۆ، دێرەک، حەسەکە و دێرەزوور هێزەکانی ئەمریکای تێدایە. . سەبارەت بەوەی تا چەند ئەوە ڕاستە کە لەشکرکێشیەکی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکاوە بووە، فەرماندەی گشتى هێزەکانی سوریای دیموکرات روونیکردەوە"بەڵێ ئەوە ڕاستە ئەمریکییەکان ئەوەیان پێ ڕاگەیاندین وتیان ترەمپ فەرمانی کردووە هێزەکانمان لە بنکەی سەربازی "گرێ سپى و سەرێکانی" پاشەکشە بکەن و ئاسمانەکانیش بۆ فڕۆکەکانی تورکیا واڵا بکەین، چونکە  تورکیا هێرش دەکات". . کۆبانێ، لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو، کە بوونی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان گرنگە، بەڵام ئەمریکا تائێستا ستراتیژێکی ڕوونی لە سوریادا نییە". . دەربارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، مەزڵوم کۆبانی وتی :"دووپەیوەندی تەلەفۆنیم لەگەڵ سەرۆک ترەمپدا ئەنجامدا، لەیەکەم پەیوەندیدا ڕەخنەم لەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکام گرت و داوام لێکرد لەشکرکێشیەکی تورکیا لە ئاستێکدا ڕابگرێت، ئەوە بوو شاندێکی ناردە تورکیا ڕێککەوتنێکیان لەوێ واژوو کرد، لەپەیوەندی دووەمیشدا بابەتە ستراتیژییەکان و ڕۆڵی ئەمریکا لە چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی سوریامان تاوتوێ کرد، داواشی لێکردم سەردانی واشنتۆن بکەم". . لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵی عەرەبییە، مەزڵووم کۆبانێ  باسی لە پڕۆژەی سیاسی کورد دەکات لە چوارچێوەی دانووستانەکاندا لەگەڵ ڕژێمی سوریا و دەڵێت:" ئێمە داوای لامەرکەزیەتی سیاسی دەکەین و دەمانەوێت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕوژئاوای کوردستان بچەسپێنین لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوودا. . وتیشى "مەحاڵە بگەڕێینەوە بۆ قۆناغی پێش ساڵی 2011و دەبێت مافەکانی گەلی کورد لە سوریا لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی سوریادا جێگیر بکرێت". . کۆبانێ، لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەدا، ئاماژەی بە ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە و جەختی لەوەکردووەتەوە، کە ئەو هێزانە لەئێستادا بەشێکن لە سیستمی بەرگریی حکومەتی سوریا، هەرکاتێکیش دەستوری سوریا نووسرایەوە ئەوا دەبینە بەشێک لە سوپای ئەو وڵاتە. .