گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەکان ڕادەستى سەرۆک کۆمار کراون

راپۆرتێکى بەریتانى پێنج کاندید بۆ شوێنگرەوەى عەبدولمەهدى ئاشکرادەکات

2019.11.30 - 14:49
App store icon Play store icon Play store icon
راپۆرتێکى بەریتانى پێنج کاندید بۆ شوێنگرەوەى عەبدولمەهدى ئاشکرادەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- ماڵپەڕێکى بەریتانى ئاشکرایکرد، پێنج کەس کاندیدن بۆ سەرۆک وەزیرانى نوێی عێراق و شوێنگرتنەوەى عادل عەبدولمەهدى، کە بڕیارە سبەینێ پەرلەمان نامەى دەستلەکارکێشانەوەى تاوتوێ بکات. . ماڵپەڕێکى (ئیندیپێندنت) ى بەریتانى بڵاویکردەوە، ئەو پێنج کەسە بریتین لە، فایەق زێدان سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى، محەمەد سودانى پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا، عەبدولحسێن عەبتان وەزیرى پێشووى لاوان، عەدنان زرفى پەرلەمانتارى هاوپەیمانى نەسر، عزەت شابەندەر سیاسەتمەدارى سەربەخۆ. . ماڵپەڕەکە لەزارى چەند سەرچاوەیەکى سیاسیەوە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو ناوانە ئێوارەى هەینى نێردراون بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، بۆ ئەوەى یەکێکیان ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت لەماوەى 15 ڕۆژدا دواى پەسەندکردنى دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدى و حکومەتەکەى لەلایەن پەرلەمانەوە، ئەوەش دواى دانوستانى نهێنى خێراى نێوان سەرکردەى لایەنەکانى نزیک لە ئێران. . باسى لەوەشکردووە، بەیاننامەى دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدى وەڵام بووە بۆ فەرمانى عەلى سیستانى، کە لە ڕێگەى نوێنەرەکەیەوە داواى لە پەرلەمان کرد پێداچونەوە بکات بە بژاردەکانى لەبارەى حکومەتەوە. . هەر بەپێی ماڵپەڕەکە، کەسە نزیکەکانى عەبدولمەهدى دەڵێن، عەبدولمەهدى لە پۆستەکەى دەمێنێتەوە تا پێکهێنانى حکومەتى نوێ و متمانەپێدانى لەلایەن پەرلەمانەوە. . ئەوەشى خستووەتەڕوو، هێزە شیعییەکانى نزیک لە ئێران ڕێگە نادەن بە گواستنەوەى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى حکومەت بۆ سەرۆک کۆمار، کە بە ئاشکرا تۆمەتبارى دەکەن بەوەى "بەشێکە لە پیلانگێڕى ئەمریکا بۆ خستنى عەبدولمەهدى". . ماڵپەڕەکە ئاشکرایکردووە، چەند لایەنێکى ئێرانى سەرۆکى پەرلەمانی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە کە پێویستە داواى کۆبونەوەیەکى بەپەلەى پەرلەمان بکات، بۆ دەنگدان لەسەر پەسەندکردنى دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدى، هەماهەنگى لەسەر کاندیدى جێگرەوە کە ئاڕاستەى سەرۆک کۆمار بکرێت تا رایبسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ، عەبدولمەهدیش لە پۆستەکەى بمێنێتەوە تا ئەوکاتەکەى حکومەتەکە پێکدەهێنرێت. . "بەرهەم ساڵح مافى دەستورى هەیە بۆ ڕاسپاردنى کەسێک بۆ پێکهێنانى حکومەت، بۆیە تاران ترسی هەیە سەرۆک کۆمار بیر لە تۆڵەکردنەوە لەو وڵاتە بکاتەوە بەهۆى تۆمەتبارکردنى بە کارکردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوەش لە ڕێگەى کاندیدکردنى کەسێک بۆ پێکهێنانى حکومەت لەدەرەوەى هەژموونى ئێران"، بەپێى ڕاپۆرتەکەى  ئیندیپێندنت.