کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی مانای ئەوە ناگەیەنێت کە گەندەڵی لە عێراقدا کۆتایی هاتووە، داواش دەکات سەرۆکوەزیران لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە هەڵبژێردرێت. . ئەمڕۆ، هەینی (29ى تشرینی دووەىمی 2019) موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە میانەى بڵاوکردنەوەى تویتێک لە هەژمارى خۆى لە تویتەر، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە پشتگیرییان کردووە و وتی "دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی یەکەمین بەرهەمی شۆڕشەکەیە و دوابەرهەمیش نابێت". . موقتەدا سەدر، لە تویتەکەیدا جەختی لەوەکردەوە "دەبێت سەرۆکوەزیران لە ڕێگەی ڕاپرسیەوە هەڵبژێردرێت و پێنج کەسیش بەربژێربکرێن و سندوقەکانی دەنگدانیش لە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەکان دابنرێن". . موقتەدا سەدر، داوایکرد، کاربکرێت بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای بنبڕکردنی گەندەڵی و کۆمەڵێک دادوەری دەستپاک و بەتوانا لە ئەنجوومەنەکەدا بکرێن بەئەندام. . ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەیدا ، باسی لەوەکرد "دەبێت سەرۆکوەزیرانی نوێ لە کاتی دیاریکردنی وەزیرەکانی دوور بێت لە سیاسەتی پشک پشکێنە". . سەدر، داوای لە وڵاتانی جیهانیش کرد دەرفەت بدەن بە عێراقییەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن". . هاوکات ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا داوای کرد خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن و جەختى کردەوە "دەبێت خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن و نابێت کەسیش توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرەکان ئەنجام بدات". . توێتەکەی موقتەدا سەدر، لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ (هەینی)، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بە فەرمی پێشکەش بە پەرلەمان دەکات.