کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری كۆتایی كۆی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ ئاشكراكرد، بەگوێرەی ئامارەکە عێراق لەو مانگەدا نزیکەی 102ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، کە داهاتەکەی 6 ملیار و 178 ملیۆن و 818 هەزار و 266 دۆلار بووە.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكی وەزارەتەكەیدا ئاشکرایکردووە: "لە مانگی شوباتی ڕابردوو یەك بەرمیل نەوتی عێراق بە تێکڕایی بە 60 دولار و 943 سەنت فروشراوە، كۆی نەوتی فرۆشراویش بە پێی تومارو ئامارەكانی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق سۆمۆ، لە بلۆكەكانی نەوتی باكور و ناوڕاست وباشوری وڵات بوە".
وتەبێژی نەوتی عێراق وردەکاری فرۆشی نەوتی بۆ مانگی شوبات خستۆتەڕوو، ڕێژەی نەوتی هەناردەكراوی بلۆكەكانی ناوڕاست و باشور 99 ملیۆن و 120 هەزار و 6 بەرمیل نەوت بووە، داهاتەكەشی 6 ملیار و 59 ملیۆن 96 هەزار و 845 دۆلار بوە، نەوتی فرۆشراوی كەركوكیش 1 ملیۆن و 753 هەزار و 373 بەرمیل نەوت بوە، داهاتەكەشی 105ملیۆن و 554 هەزار و 734 دۆلار بوە، لە بلۆكەكانی گەیارەی نەینەوا 514 هەزار و 180بەرمیل نەوت بوە، داهاتەكەشی 14 ملیۆن 166 هەزار و 687 دۆلار بوە.
لە بارەی ئەو کۆمپانیایانەی کاری گواستنەوەی نەوتی عێراقیان کردووە، عاسم جیهاد دەڵێت، 33 كۆمپانیای جیهانی جۆراوجۆر نەوتەكەی عێراقیان گواستۆتەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان، لە بەندەرەكانی بەسڕە و خۆرعومیە و عەوامات لە كەنداو و بەندەری جەیهانی توركی .
لە ئێستاشدا وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی بۆ زیادکردنی فرۆشی نەوت داناوە و پێشتر ئاشکرایکردووە، دوو بۆڕی نەوت بۆ وڵاتی ئوردن و تورکیا ڕادەکێشن کە توانای هەر بۆرییەکیان گواستنەوەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە.