ناس کورد –
چوار لایەنى عیراقى داواى کۆبونەوەیەکی بەپەلەى پەرلەمان دەکەن، دواى ئەوەى عەلى سیستانى داواى لە پەرلەمان کرد پێداچونەوە بە بژاردەکانیدا بکات لەبارەى حکومەتەوە.
.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ڕەوتی حیکمە و حزبی دەعوە و هاوپەیمانی فەتح و هاوپەیمانى نەسر، بەشێوەیەکی فەرمی داوایان کرد کۆبونەوەیەکی لەناکاو و بە پەلەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.
.
ڕەوتی حیکمە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ئەوەی لە زیقار ڕوویداوە کارەساتە و دەبێت پەرلەمان بەخێرایی کۆبونەوەی بەپەلە ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕوداوە پێکبهێنێت".
.
هاوکات حزبی دەعوە لە ڕاگەیەنراوێکدا داوایکرد، کۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و کەسێکی دیکە لەجێی عادل عەبدول مەهدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵبژێردرێت.
.
هەروەها هاوپەیمانی فەتح کە هادی عامری سەرکردایەتی دەکات لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە "دەبێت پەرلەمانی عێراق کۆبونەوەیەکی بەپەلە لەپێناو ئەو گۆڕانکاریە ئەنجام بدات کە لەبەرژەوەندی گەلی عێراقە".
.
ئاماژەی بەوەشکردووە "گرنگی دەدەین بەو پەیامەی کە ئەمڕۆ هەینی عەلی سیستانی ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراقی کرد و و جەختیکردەوە لەوەى دەبێت نەخشەیەکی ڕون و ڕاشکاوانە لەپێناو ڕزگارکردنی خەڵکی عێراقدا بکێشرێت و وڵاتەکە ڕزگار بکرێت".
.
هەر لەو بارەیەوە، حەیدەر عەبادى سەرۆکى هاوپەیمانى نەسر پشتیوانى بۆ پەیامەکەى سیستانى دەربڕی و داواى لە پەرلەمان کرد سبەینێ کۆبێتەوە، لە پێناو سەندنەوەى متمانە لە عادل عەبدولمەهدى.
.
پەیامەکەى سیستانى و داواى ئەو لایەنانە لەکاتێکدایە، خۆپیشاندانەکانى عێراق لەشەوى چوارشەممەوە چونەتە قۆناغێکى نوێوە، دواى ئەوەى خۆپیشاندەران کونسوڵخانەى ئێرانیان لە نەجەف سوتاند و دواتریش حکومەتى عێراق رێوشوێنى توندى گرتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەى خۆپیشاندەران.
.
بەپێی ئامارەکان، لەسەرەتاى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا نزیکەی 500 خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە 12 هەزار خۆپیشاندەریش بریندار بوون.
.
خۆپیشاندانەکان بە گەورەترین دادەنرێن لەدواى ڕوخانى ڕژێمەکەى سەدام حوسەین لە ساڵى 2003 ەوە تا ئێستا، هەوڵەکانى حکومەتیش بۆ چاکسازیی توڕەیی خۆپیشاندەرانى دانەمرکاندووەتەوە.