کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەزاران خۆپیشاندەر ڕوویان لە گۆڕەپانى تەحریرى بەغدا کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ خۆپیشاندانى ملیۆنى کە چالاکوانان بە "ملیۆنى کێشانەوەى شەرعیەت" ناوى دەبەن. . پەیامنێرى ناس کورد لە بەغدا ڕایگەیاند، لە سەرلەبەیانى ئەمڕۆوە، هەزاران خۆپیشاندەر لە ناوچە جیاجیاکانى بەغداوە بە ئاڕاستەى گۆڕەپانى تەحریر ڕۆیشتوون، سەربارى گەیشتنى خۆپیشاندەرانى پارێزگاکانى دیکە بۆ دەستپێکردنى خۆپیشاندانێکى ملیۆنى گەورە. . مانگرتوانى گۆڕەپانى تەحریر، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر داواى ئەنجامدانى خۆپیشاندانى ملیۆنى نوێیان کرد بەناوى "ملیۆنى کێشانەوەى شەرعیەت". . جەختیشیان کردبووەوە، خۆپیشاندەران سورن لەسەر پێویستى لەکارخستنى حکومەت، پێش هەر چاکسازیی و دانوستانێک. . ئامادەکاریی بۆ خۆپیشاندانى ملیۆنى بەغدا، دواى ڕۆژێک دێت لە کوژرانى دەیان خۆپیشاندەر لە پارێزگا جیاجیاکانى عێراق و برینداربوونى سەدانى دیکە. . سەرچاوەیەکى ئەمنى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ژمارەى کوژراوانى خۆپیشاندانەکانى پارێزگاى زیقار بۆ 24 کەس بەرزبووەتەوە، هەروەها 251 کەسیش برینداربوون. . هاوکات ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوینێ پێنجشەممە، 45 خۆپیشاندەر بەتەقەى هێزە ئەمنییەکانى عێراق کوژراون، دواى ئەوەى شەوى چوارشەممە خۆپیشاندەران گڕیان لە کونسوڵخانەى ئێران لە نەجەف بەردا. . بەپێی ئاژانسەکە، لەو ژمارەیە، 29 کەسیان لە ناسریە، چوار کەس لە بەغدا، 12 کەس لە نەجەف کوژراون. . بەپێی ئامارەکان، لەسەرەتاى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا نزیکەی 500 خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە 12 هەزار خۆپیشاندەریش بریندار بوون. . خۆپیشاندانەکان بە گەورەترین دادەنرێن لەدواى ڕوخانى ڕژێمەکەى سەدام حوسەین لە ساڵى 2003 ەوە تا ئێستا، هەوڵەکانى حکومەتیش بۆ چاکسازیی توڕەیی خۆپیشاندەرانى دانەمرکاندووەتەوە.