گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێنجشەممەى خوێناوى عێراق

کوژرانى خۆپیشاندەران نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنى دادوەرى هێنایە دەنگ

2019.11.29 - 11:54
App store icon Play store icon Play store icon
کوژرانى خۆپیشاندەران نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنى دادوەرى هێنایە دەنگ

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-   لە خۆپیشاندانەکانى دوێنێی چەند پارێزگایەکى عێراقدا دەیان خۆپیشاندەر کوژراون، ئەنجومەنى دادوەریش لیژنەى لێکۆڵینەوەى پێکهێنا، نەتەوەیەکگرتووەکانیش نیگەرانى خۆى لەو بارەیەوە دەردەبڕێت و داواى دان بەخۆداگرتنیش دەکات. . سەرچاوەیەکى ئەمنى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ژمارەى کوژراوانى خۆپیشاندانەکانى پارێزگاى زیقار بۆ 24 کەس بەرزبووەتەوە، هەروەها 251 کەسیش برینداربوون. . هاوکات ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوینێ پێنجشەممە، 45 خۆپیشاندەر بەتەقەى هێزە ئەمنییەکانى عێراق کوژراون، دواى ئەوەى شەوى چوارشەممە خۆپیشاندەران گڕیان لە کونسوڵخانەى ئێران لە نەجەف بەردا. . بەپێی ئاژانسەکە، لەو ژمارەیە، 29 کەسیان لە ناسریە، چوار کەس لە بەغدا، 12 کەس لە نەجەف کوژراون. . لەسەر ڕووداوەکانى زیقار، ئەمڕۆ، هەینی، عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری عێراق ڕایگەیاند "بەفەرمی سەرۆکایەتی ئەنجومەن، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە بۆ دەرخستنی هۆکاری کوشتنی خۆپیشاندەران  و ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی دوێنێ لە پارێزگای زیقار ڕویداوە". . وتیشى "لە لیژنەکەدا سەرۆکی دادگای تێکهەڵچونەوەی زیقار و داواکاری گشتی ئەندامن و بەوردی لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکانی دوو ڕۆژی ڕابردو دەکەن". . خۆپیشاندانەکانى عێراق لەشەوى چوارشەممەوە چونەتە قۆناغێکى نوێوە، دواى ئەوەى خۆپیشاندەران کونسوڵخانەى ئێرانیان لە نەجەف سوتاند و دواتریش حکومەتى عێراق رێوشوێنى توندى گرتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەى خۆپیشاندەران. . ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانى خۆى لەبارەى تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانى عێراق دەربڕی و داوایکرد لایەنەکان و خۆپیشاندەران تا دوا ئاست دان بەخۆیاندا بگرن. . بەپێی ئامارەکان، لەسەرەتاى سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا نزیکەی 500 خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە 12 هەزار خۆپیشاندەریش بریندار بوون. . خۆپیشاندانەکان بە گەورەترین دادەنرێن لەدواى ڕوخانى ڕژێمەکەى سەدام حوسەین لە ساڵى 2003 ەوە تا ئێستا، هەوڵەکانى حکومەتیش بۆ چاکسازیی توڕەیی خۆپیشاندەرانى دانەمرکاندووەتەوە.